لە بەغدا و کەربەلا هێرش دەکرێتە سەر بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک و مامۆستایەکی باخچەی منداڵان
رووداو دیجیتاڵ
لە بەغدا پێنج کەس هێرش دەکەنە سەر بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک و بریندارى دەکەن و لە کەربەلایش، بەخێوکاری قوتابییەک هێرش دەکاتە سەر مامۆستایەکی ژنی باخچەیەکى منداڵان.
رووداوەکەی کەربەلا لە باخچەی منداڵانی نسوورى دوڕە روویداوە، بەخێوکاری قوتابییەک هێرشی کردووەتە سەر ژنە مامۆستایەکی ئەو باخچەیە.
24ی ئەیلوولی 2025، موقەدەم ئیحسان ئەسەدی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی کەربەلا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو کەسەی هێرشی کردووەتە سەر ئەو مامۆستایە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراوە و رێکارە یاساییەکان لەدژی گیراوەتەبەر."
دوای رووداوەکە ئیبراهیم جبوورى، وەزیری پەروەردەی عێراق بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی "بەپەلە"ی لێکۆڵینەوەی یاسایی دا بۆ ئەوەی سکاڵا لەبارەی ئەو رووداوەی کەربەلا پێشکێش بکەن و داوای کردووە کە سازش لەسەر ئەو پرسە نەکرێت تاوەکو مافی پەروەردەیی وەرنەگرێت و لیژنەکە لە رێگەی دادگەی تایبەتمەندەوە چاودێرى دۆسییەکە دەکات.
هەر ئەمڕۆ پێنج کەس هێرشیان کردووەتە سەر بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک لە شاری سەدر.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا لە راگەیێنراوێکدا دەستگیرکردنی پێنج کەسی بەتۆمەتی هێرشکردنە سەر ئەو بەڕێوەبەری قوتابخانەیە راگەیاند کە لە کاتى دەوامى فەرمی لێیان داوە و برینداریان کردووە.