لە دادگای فیدراڵی سکاڵا تۆمارکرا و داوای راگرتنی رێکارەکانی هەڵبژاردن دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق تاوتوێى سکاڵایەک دەکات، کە لە دژی چەند بڕگەیەکى یاسای هەڵبژاردن تۆمارکراوە و تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکان، سکاڵاکاران داوایان کردووە رێکارەکانى کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق رابگیرێت، تاوەکو ئەو پرسە یەکلادەکرێتەوە.
سکاڵاکە لەلایەن چوار کەسەوە لەسەر پەرلەمانی عێراق پێشکەش کراوە و داوا دەکەن شەش بڕگەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە نادەستووری بناسێنرێت و پەرلەمان و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان پابەند بکرێت بە راگرتنی سەرجەم رێکارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان، تاوەکو ئەو کاتەی ئەو پرسە یەکلا دەبێتەوە.
ئەو ماددانەی تانەیان لێدراوە تایبەتن بە کۆکردنەوەی واژۆی دەنگدەران بۆ خۆبەربژێرکردن، دیاریکردنی جێگرەوەی پەرلەمانتار، ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان و دابەشکردنی بەگوێرەی پارێزگاکان، ژمارەی کورسیی پێکهاتەکان.
ئەو سکاڵایە پشتی بە بڕیارێکى دادگەی باڵای فیدراڵی بەستووە کە پێشتر لە 28ی ئابی 2023 دەریکردبوو و هەندێک لەو بڕگانەی یاساکەى هەڵوەشاندووەتەوە، کە سکاڵاکاران کردوویانەتە بنەمای سکاڵاکەیان.
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "سکاڵاکە کاریگەری نابێت لەسەر هەڵبژاردن بەتایبەت کە کۆمیسیۆن رێکارەکانی بۆ کردنی هەڵبژاردن گرتووەتەبەر و خەرجی هەبووە، بەڵام پێشکەشکردنی سکاڵا لەم کاتەدا جێگەی گومانە، ئەگەر هەیە پرسێکی دیکەی لەپشتەوە هەبێت، بۆ دواخستنی هەڵبژاردن."
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە 1ی ئەیلوولی ئەمساڵەوە پەیڕەوی ناوخۆی هەموار کرد، پێشتر رێگەی نەدەدا بەر لە شەش مانگ لە رۆژی هەڵبژاردن سکاڵای دژ بە یاسای هەڵبژاردن پێشکەش بکرێت، بەڵام لە پەیڕەوە نوێیەکەدا ئەو مەرجەی هەڵوەشاندەوە.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ دەکرێت، زیاتر لە حەوت هەزار بەربژێر رکابەری بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسی دەکەن کە 9یان کۆتای پێکهاتەکانن.
رۆژی دووشەممە 24ی تشرینی یەکەمی 2025 دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، تاوتوێی سکاڵاکە دەکات.