کاروانێکى دیکەى رەوەندى عێراقى لە سوودان دەگەڕێندرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ هەینى کاروانێکى دیکەى رەوەندى عێراقى بە فڕۆکە لە سوودانەوە بگەڕێندرێنەوە عێراق، لە دواى ئەوەى پێشتر 640 هاووڵاتى عێراقى و لەنێویاندا دەیان سوودانى و سووریایی لەو وڵاتەوە گەڕێندرانەوە.
ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژەى وەزارەتى دەرەوەى عێراق بە میدیاى فەرمى عێراقى راگەیاندووە، بە بڕیارى سەرۆکوەزیران و وەزیرى دەرەوەى عێراق لە رێگەى ژوورى ئۆپەراسیۆنى دیبلۆماسیی بەپەلەوە رۆژى هەینى، 24ى تشرینى دووەمى 2023 گەشتێکى لەناکاو بۆ گەڕاندنەوەى رەوەندى عێراقى لە سوودان دەکرێت.
ئەحمەد سەحاف ئاشکرایکرد، وەزارەتى دەرەوە تاوەکو ئێستا 640 هاووڵاتى عێراق لە رێگەى سێ گەشتەوە گەڕاندووەتەوە، کە دەیانیان سوودانى و سووریایی لەنێویاندا بووە.
لە 15ـی نیسانی ئەم ساڵ، گرژیی ئەمنى و پێکدادان لە نێوان ژەنەراڵ عەبدولفەتاح بورهان، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و ژەنەراڵ محەممەد حەمدان دەگەلۆ ناسراو بە حمێدتی، فەرماندەی هێزی پشتیوانیی خێرا، لە سوودان روویدا و دۆخى ئەمنى ئەو وڵاتەى تووشی پشێوى کرد.
دوایین کاروانى گەڕاندنەوەى رەوەندى عێراقى لە سوودان لە 29ى حوزەیرانى 2023 لە رێگەى فڕۆکەخانەى بەغداوە بوو.