لە بەغدا کوڕێک دواى 11 ساڵ لە کوشتنى باوکى دەستگیردەکرێت

 
 
رووداو دیجیتاڵ 
  
کوڕێک لە بەغدا لەدواى 11 ساڵ لە کوشتنى باوکى، دەستگیرکرا لەپاش ئەوەی بەرەو تورکیا هەڵهاتبوو، بەگوێرەى پۆلیسی شارەکە باوکەکە بە دەمانچەکەی خۆی لەلایەن کوڕەکەیەوە کوژراوە.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى فەرماندەیی پۆلیسی بەشی کەرخى بەغدا، یەکەیەکى پۆلیسى ناوچەى بەیاع کەسێکیان دەستگیرکردووە کە تۆمەتبارە بە کوشتنى باوکى لە ساڵى 2012.
 
لەراگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، لە ساڵى 2012 باوکى ئەو کەسە لە ماڵەکەى خۆی لە بەغدا کوژراوە، ئەو چەکەى کە لە شوێنى تاوانەکە دۆزراوەتەوە و تاوانەى پێکراوە هى کوژراوەکە بووە.
 
لەدواى لێکۆڵینەوەى پۆلیس دەرکەوتووە کە ئەو کەسە لەلایەن کوڕەکەیەوە کوژراوە، لەگەڵ ئەوەى کەسوکارى کوژراوەکە بە دەزگا ئەمنییەکانیان راگەیاندبوو، کە لەلایەن چەند کەسێکى نەناسراوەوە کوژراوە.
 
دوای ئەوەی ئاشکرا دەبێت ئەو پیاوە لەلایەن کوڕەکەیەوە کوژراوە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ کوڕەکەی دەرچوو، بەڵام هەڵاتبوو بۆ تورکیا، بەهۆیەوە بڕیارى  دەستگرتن بەسەر موڵک و ماڵەکەیدا دەدرێت.
 
پرۆسەى دەستگیرکردنى ئەو تۆمەتبارە لەدواى ئەوە بووە، کە زانیارى بە دەزگا ئەمنییەکان گەیشتووە، کە لە تورکیاوە دەگەڕێتەوە عێراق  و لە دواى گەڕانەوەى لە بەغدا دەستگیرکراوە.