خەزعەلی: دەبێت پەلە بکرێت لە پێکهێنانی حکومەت
رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، جەخت لە پێویستی پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو دەکاتەوە، دوای ئەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی وەک گەورەترین فراکسیۆن راگەیێندرا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 24ی تشرینی دووەمی 2025، قەیس خەزعەلی لە نووسینگەکەی خۆی لە بەغدا لەگەڵ پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەرەنسا و شاندی یاوەری بووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق، "لە دیدارەکەدا باڵیۆز ستایشی سەرکەوتنی بزووتنەوەی سادیقون و ئەو ئامادەییە کاریگەرەی کرد کە بەدەستیهێناوە، هەروەها ئاماژەی بە بەڕێوەچوونی ئەرێنی پڕۆسەی هەڵبژاردن و ئەو سەقامگیرییە ئەمنی و سیاسییە کرد، کە عێراق بەخۆیەوە دەبینێت".
قەیس خەزعەلی داوای کرد، پەلە بکرێت لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو، بەتایبەتی دوای راگەیاندنی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی وەک گەورەترین فراکسیۆن، بەجۆرێک کە گەرەنتیی گرتنەبەری رێڕەوێکی سیاسیی روون و سەقامگیر بکات، کە لە خزمەتی بەرژەوەندی گەلی عێراقدا بێت.
هەروەها قەیس خەزعەلی جەختی کردەوە لەسەر "پاک و بێگەردی هەڵبژاردنەکان و دووربوونی لە هەر دەستێوەردانێکی دەرەکی" و گوتی: "ئەنجامەکان گوزارشتیان لە خواستیی عێراقییەکان کردووە بەبێ هیچ کاریگەری و گوشارێک".
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11-11-2025 بەڕێوەچوو، بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق، بە لیستی سادیقوون بەشداری کردبوو، 27 کورسی بەدەستهێنا.