حەوت کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە بەغدا دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە بەغدا، دەستگیرکردنی تۆڕێکی حەوت کەسی و رزگارکردنی پێنج قوربانی راگەیاند. هەروەها دەنگۆی بوونی باندێک لە بەغدا، کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران بازرگانیی بە مرۆڤەوە دەکەن رەتدەکاتەوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقە، رایگەیاند، هێزەکانیان لە بەشی کەرخی بەغدا تۆڕەکەیان دەستگیرکردووە و ئەو پێنج قوربانییەشیان رزگارکردوون کە لەلایەن تۆڕەکەوە دەستبەسەرکرابوون.
لیوا مستەفا یاسری، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، رۆژی دووشەممە، 24-11-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئۆپەراسیۆنەکە بە رێنمایی وەزیری ناوخۆ و بەدواداچوونی بریکاری هەواڵگری و سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان کدرا. حەوت کەس دەستگیرکران و پێنج قوربانی رزگارکران."
بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە گوایە تۆمەتبارێک دەستگیرکراوە و گەنجان بۆ فرۆشتنی ئەندامانی جەستەیان هەڵدەخەڵەتێنێت و لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران بازرگانی بە مرۆڤەوە کردبێت، لیوا مستەفا یاسری گوتی: "ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە و ئەو کەسانەی بڵاوی دەکەنەوە، خۆیان دروستی دەکەن."
بە گوتەی لیوا مستەفا یاسری، دوای وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەر و چڕکردنەوەی هەوڵە هەواڵگرییەکان، لە بۆسەیەکی تۆکمەدا و لەکاتی تاوانەکەدا،" ئەو حەوت کەسە دەستگیرکران، کە سەر بەباندی دیکەی بازرگانیکردنن بە مرۆڤ، کەسیان یەکدی ناناسن "
سەبارەت بە قوربانییەکان، مستەفا یاسری گوتی: "تەمەنیان لەنێوان خوار 18 ساڵ و سەروو 18 ساڵدایە و ئێستا دۆخیان باشە و لە شەڵتەرەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان چاودێریی دەکرێن "
لیوا مستەفا یاسری گوتی، "باندەکە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک تێلیگرام و فەیسبووک، کچانی هەرزەکار و گەنجیان بە بیانووی جیاجیا هەڵخەڵەتاندووە و دواتر ویستوویانە بازرگانییان پێوەبکەن بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق بیانفرۆشن."
بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ داوا لە دایک و باوکان دەکات ئاگاداری مۆبایلی منداڵەکانیان بن بۆ ئەوەی لە گرووپ و باندی لەو شێوەیە پارێزراوبن.