ئەنجوومەنی باڵای دادوەری هەموارکردنی یاسای دادگەی باڵای فیدراڵی تاوتوێ دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، هەموارکردنی یاسای دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق تاوتوێ دەکات و ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "پێویستە لە هەموارە نوێیەکەدا تایبەتمەندیی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگیرێت."
 
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی یەکشەممە، 24-12-2023، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بە سەرۆکایەتیی دادوەر فایەق زێدان، سێزدەیەمین کۆبوونەوەی کرد. سەرۆکی ئەنجوومەنەکە پیرۆزبایی لە سەرۆکی داواکاری گشتی و سەرۆکی دەستەی سەرپەرشتیی دادوەریی کرد، بە بۆنەی دامەزراندنیان بەشێوەیەکی هەمیشەیی، هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی لەسەر پەیڕەوی ئەرکی دادوەریی بۆ خواستن.
 
ئەنجوومەنەکە پلەبەرزکردنەوەی ژمارەیەک دادوەر و ئەندامانی داواکاری گشتی و پێدانی پۆستە دادوەرییەکانی پەسندکرد. هەروەها پرۆژەی هەموارکردنی یاسای دادگەی باڵای فیدراڵی تاوتوێکرد، بنەما سەرەکییەکانی هەمواری پرۆژەکەی پەسندکرد، بڕیاریدا دووبارە لێکۆڵینەوە لەبارەی مادەکانی هەموارکردنەوە بکرێت، بۆ ئەوەی لە دانیشتنی داهاتوودا تاوتوێ بکرێت.
 
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق رۆژی یەکشەممە، 24-12-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێویستە یاساکە بە شێوەیەک هەمواربکرێتەوە بەرژەوەندیی باڵای عێراق بە سەرجەم پێکهاتەکانەوە بپارێزرێت و تایبەتمەندیی هەرێمی کوردستانیش لەبەرچاو بگیرێت."
 
بەپێی دەستووری عێراق، بڕیارەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کۆتاییە و تانەیان لێنادرێت. دادگەکە رووی کارگێڕی و داراییەوە سەربەخۆیە، لە نۆ ئەندامی سەرەکی پێکهاتووە کە دوویان کوردن. جاسم محەممەد عەبود سەرۆکی دادگەکەیە. 
 
بەپێی مادەی (93)ی دەستوری عێراق، ئەرکی دادگەی باڵای فیدراڵی بریتییە لە چاودێریکردنی دەستوریبوونی یاسا، پەیڕەوە بەرکارەکان‌، راڤە و لێکدانەوەی دەقەکانی دەستوور، یەکلاکردنەوەی ئەو پرسانەی کە لە جێبەجێکردنی یاسا فیدراڵییەکان و بڕیار و پەیڕەو و رێنماییەکان و ئەو رێوشوێنانەوە دێنە ئاراوە، یەکلاکردنەوەی ئەو ناکۆکییانەی لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم و پارێزگا و شارەوانی و ئیدارە خۆجێییەکان روو دەدەن.