فارس عیسا: پۆستی سەرۆککۆمار مافی پارتییە

رووداو دیجیتاڵ

دوو رۆژە شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکان لە بەغدایە. ئەندامێکی شاندەکە دەڵێت، بەپێی شایستەی هەڵبژاردن، پۆستی سەرۆککۆماری عێراق مافی پارتییە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 24-12-2025، فارس عیسا، ئەندامی شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''دوو رۆژە زنجیرەیەک دیدارمان لەگەڵ سەرجەم برادەرانی شیعە، سوننە، بەڕێزان سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران و هەروەها کەسایەتییەکانی دیاری گۆڕەپانی سیاسی کردووە.''
 
سەردانەکەی شاندی پارتی لەکاتێکدایە کە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لایەنە سیاسییەکان سەرقاڵی دانوستاندنن بۆ پێکهێنانی حکومەت. بەگوتەی فارس عیسا، پێویستە لە دیاریکردنی بەربژێران بۆ پۆستەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار و سەرۆکوەزیران، رێز لە شایستەی هەڵبژاردن بگیرێت.
 
ئەو ئەندامەی شاندی پارتی ئاماژەی بە پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کرد کە تاوەکو ئێستا وەک نەریتێک پشکی کورد بووە و لەنێو لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانیشدا بەر یەکێتی کەوتووە و گوتی: ''تاوەکو ئێستا لەنێوان پارتی و یەکێتی باسی ئەو پۆستە نەکراوە. ئەو سەردانەشمان، بۆیە کردووە بۆ ئەوەی بزانین بۆچوونی لایەنە سیاسییەکان چییە.''
 
فارس عیسا گوتی: ''گرنگ نییە کێ بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دیاری دەکرێ، بەڵکو بنەماکان گرنگن. ئەو کەسەی وەک بەربژێر دیاری دەکرێ، دەبێ نوێنەرایەتیی هەموو خەڵکی کوردستان بکات و باشترە [لایەنە کوردستانییەکان] لەسەری رێکبکەوین.''
 
بەگوتەی ئەو ئەندامەی شاندی پارتی لە بەغدا، پۆستی سەرۆککۆمار پشکی کوردە و ''ئەگەر بە شایستەی هەڵبژاردن بێت، لەنێو کوردیشدا مافی پارتییە.''
 
وەک فارس عیسا دەڵێت، بۆچوونی لایەنە سیاسییە سوننە و شیعەکان بەرامبەر بە کورد ''باش'' بووە و لە بەغدا کۆبوونەوەکانیان بە باشی بەڕێوەچوون.
 
 
شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە سەرپەرشتیی فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە بەغدایە و لەگەڵ زۆربەی سەرکردە شیعە و سوننەکان، هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق تاوتوێ دەکەن.
 
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا کە 11ـی تشرینی دووەم کرا، پارتی 27 کورسی و یەکێتی 18 کورسی بەدەستهێنا.