قایمقامی مووسڵ لەکاتی دەوامدا بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی مووسڵ بە وەکالەت، کە هاوکات راوێژکاری پارێزگاری نەینەوا بوو، ئەمڕۆ لەکاتی دەوام و راپەڕاندنی ئەرکەکانیدا بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەستدا.
رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا بۆ کاروباری کارگێڕی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ خەیری حمێدان، قایمقامی موسڵ بە وەکالەت لەنێو باڵەخانەی قایمقامییەت لەکاتی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیدا، تووشی جەڵتەی دڵ بووە.
بە گوتەی رەفعەت سمۆ، تیمەکانی فریاکەوتن دەستبەجێ گەیاندوویانەتە نەخۆشخانەیەکی نزیک لە باڵەخانەی قایمقامییەت، بەڵام سەرەڕای هەوڵەکان بۆ رزگارکردنی، گیانی لەدەستداوە.
خەیری حمێدان، جگە لە پۆستی قایمقامی مووسڵ بە وەکالەت، راوێژکاری پارێزگاری نەینەوا بوو بۆ کاروباری پلاندانان.
عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا لە راگەیێندراوێکدا سەرەخۆشیی خۆی لە کەسوکارەکەی کرد و رایگەیاند: "کۆچکردوو نموونەی دەستپاکی و دڵسۆزی و خۆتەرخانکردن بوو لە جێبەجێکردنی ئەرکەکەیدا، هەروەها بە هەوڵە دڵسۆزانەکانی بەشداریی لە پشتگیریکردنی رەوتی پلاندانان و ئیدارە لە پارێزگای نەینەوا کردووە".