بەغدا 7 رۆژ بۆ یەکلاکردنەوەی بڕی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان دادەنێت
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، 7 رۆژ لەبەردەم لیژنەیەکی هاوبەشی هەولێر و بەغدایە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو بڕە داهاتە نانەوتییەی دەبێت هەرێمی کوردستان رادەستی بکات. بەگوتی ئەندامێکی لیژنەی دارایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەو هەنگاوە بۆ جێگیرکردنەوەی بڕەکەیە لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2026ی عێراق.
بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە کۆپییەکی دەست رووداو کەوتووە، لە کۆبوونەوەی 16ی کانوونی یەکەمی 2025 دەرکراوە و تێیدا ئاماژە بەوە دراوە، کاری لیژنەی تایبەت بە هەژمارکردنی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان و رادەستکردنی بە وەزارەتی دارایی فیدراڵ جێبەجێ بکرێت، لە ماوەی حەوت رۆژی کارکردندا لیژنەکە راسپێردراوە راپۆرتێک لەو بارەیەوە پێشکێش بکات.
ئەو لیژنەیەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بەگوێرەی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران پێکهێنرا، کە لە 17ی تەممووزى 2025 دەرچووە، بۆ ئەوەی وردبینی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بکەن و ئەو بڕە پارەیە دیاری بکەن، کە بەغدا بە پشکی خۆی دەزانێت.
لە ماوەی چەند مانگی رابردووی دوای دەرچوونی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ، هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی کاتی مانگانە 120 ملیار دیناری رادەستی بەغدا کردووە بۆ ئەوەی پارەی مووچە بنێردرێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: ئەگەر هەیە کاری ئەو لیژنە هاوبەشە لە مانگی کانوونی دووەمی 2026 کۆتایی بێت بۆ یەکلاکردنەوەی بڕی داهاتی نانەوتیی رادەستکراو. پێشبینیشی کرد، بڕی پارەی رادەستکراو گۆڕانکاریی بەسەردا بێت.
بەگوێرەی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران بێت، دەبێت لیژنەکە راسپێردراوی خۆی لە حەوت رۆژی کارکردندا بەبێ پشووەکان ئامادە بکات، کە شەش رۆژی ئەو ماوەیە تێپەڕ بووە.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئامانجی کاری ئەو لیژنەیە لەبارەی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەیە بخرێتە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی 2026 کە حکومەتی ئێستای عێراق ئامادەی دەکات، ئەگەر بڕی داهاتی نانەوتیی زیادەی رادەستکراو زیاد بکرێت، دەبێت حکومەتی فیدراڵی جگە لە مووچە، پشکی خەرجییەکانی دیکەش بدات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو لیژنە هاوبەشەی نێوان بەغدا و هەولێر بۆ دیاریکردنی بڕی داهاتی رادەستکراوی هەرێمی کوردستان، پشت بە راپۆرتی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی هەردوولا و چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی هەردوولا دەبەستێت.
15ى کانوونى یەکەمى 2025، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق سەرۆکایەتیى کۆبوونەوەیەکى ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری کرد کە تایبەت بوو بە "زیادکردنی داهاتەکان"، تێیدا سوودانی ئەو لیژنە وەزارییەی راسپارد، کە بە بڕیاری ژمارە 550ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێکهاتووە، پێداچوونەوە بکەن بە شێوازی هەژمارکردنی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان.