زیندانییانی نەجەف کەرەستە بۆ خانەی بێسەرپەرشتان و بەساڵاچووان دروست دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
زیندانییانی گرتووخانەی ناوەندیی نەجەف کەرەستە بۆ چەند خانەیەکی بێسەرپەرشتان و بەساڵاچووان دروست دەکەن.
موراد ساعدی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دادی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، 24-12-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەستپێشخەریی ئەو زیندانییانە بریتی بوو لە دروستکردنی مێزی نانخواردن، کورسی و هەندێک پێداویستیی دیکە کە لەلایەن زیندانییەکانەوە لەنێو زینداندا دروستکراون."
بە گوتەی موراد ساعدی، ئەم ساڵ زیندانی ناوەندیی نەجەف بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان کرایەوە و چەندین وۆرکشۆپی کارکردنی وەک دارتاشی، ئاسنگەری، چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل و دروومانی تێدایە بۆ ئەوەی زیندانییان پیشەیەک فێرببن.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دادی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد: "بەنیازین بە هاوکاریی کۆمپانیا نێوخۆیی و دەرەکییەکان، کارگە لەنێو زیندانەکانی هەموو پارێزگاکان بکەینەوە بۆ ئەوەی زیندانییەکان پشت بە خۆیان ببەستن و ئەرکی سەرشانی کەسوکاریان کەمبکەنەوە."
موراد ساعدی رایگەیاند: "ئەو دەستپێشخەرییە زیندانییانی دۆسیەکانی تیرۆر ناگرێتەوە و تەنیا بۆ ئەو زیندانیانەیە کە راهێنانی دەروونییان پێکراوە و لەلایەن توێژەری تایبەتمەندەوە چاودێری کراون، ماوەی سزای زیندانییەکەیان لە پێنج ساڵ تێپەڕناکات."