10 کەس لە تکریت بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر کارمەندێکی نەخۆشخانە دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی تکریت 10 کەسی بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر کارمەندێکی نەخۆشخانەی گشتیی شارەکە دەستگیرکرد. دەستگیرکردنەکە دوای ئەوە هات کە ژمارەیەکی زۆر کەس لەگەڵ نەخۆشێکدا چوونە نەخۆشخانە و دوای رێگری لێکردنیان، هێرشیان کردە سەر کارمەندێکی نەخۆشخانەکە.
جەمال عەگاب، گوتەبێژی پارێزگای سەڵاحەدین، ئەمڕۆ چوارشەممە، 24-12-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 11:00ـی شەوی رابردوو، گەنجێکی تەمەن 15 ساڵ کە لە رووداوێکی هاتووچۆدا بریندار ببوو، گوێزرایەوە بۆ بەشی بووژاندنەوەی دڵ لە نەخۆشخانەی فێرکاریی تکریت."
جەمال عەگاب گوتی: "منداڵەکە سەر بە هۆزی عیزەیە و کەسێکی هۆزی شەمەریش بە ماتۆرسکیل لێی دابوو. کەسوکاری هەردوولا لە نەخۆشخانە کۆببوونەوە. بەپێی رێنماییەکان، نابێت هاوەڵی نەخۆش لە 2 کەس زیاتر بێت، بۆیە لەگەڵ کارمەندی پرسگە تووشی دەمەقاڵێ بوون."
گوتەبێژی پارێزگای سەڵاحەدین گوتی: "ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس دەکرێ کە گوایە نزیکەی 250 کەس لەگەڵ نەخۆشەکەدا بوون، دوورە لە راستییەوە. ژمارەی ئەو کەسانە نزیکەی 10 کەس بوو و کاتێکیش کارمەندێکی نەخۆشخانەکە هەوڵیدا رێگری لە چوونەژوورەوەی زیاتری کەسوکاری نەخۆشەکە بکات، لەلایەن ژمارەیەک لەوانەوە هێرشی کرایە سەر."
جەمال عەگاب گوتی: "دۆخەکە لەلایەن بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەوە کۆنترۆڵکرا. زیاتر لە 10 کەس لە بنکەی پۆلیسی تکریت بەمەبەستی لێکۆڵینەوە دەستبەسەرکران و ئەمڕۆ گوتەیان لە بەردەم دادوەردا لێوەرگیرا، بە کەفالەت ئازاد کران و تەندروستیی کارمەندەکەی نەخۆشخانەش جێگیرە."