فایەق زێدان بۆ رووداو: چوار گرووپ کارکردنیان بە بنەمای سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت راگەیاندووە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە رێگەی رووداوەوە ناوی ئەو گرووپە چەکدارانە ئاشکرا دەکات کە بەڵێنی کارکردنیان بە سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت داوە؛ دەشڵێت، پەیوەندییە 'ئەرێنییەکەمان' لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاوکار بووە لە چارەسەرکردنی زۆرێک لە پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ی کانوونی یەکەمی 2025، دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو گرووپانەی بە روونی کارکردنیان بە بنەمای سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت وەک جێبەجێکردنی رێنمایییەکانی مەرجەعیەتی باڵای ئایینی راگەیاندووە بریتین لە عەسائیبی ئەهل حەق، کەتیبەکانی ئیمام عەلی، کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا و کەتیبەکانی ئەنسارولڵا ئەوفیا."
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق گوتی: "ئەو چوار گرووپە نوێنەرایەتیی سیاسییان لە پەرلەمان هەیە، بۆیە لەگەڵ نوێنەرە سیاسییە سەرکەوتووەکانیان کە بوونەتە پەرلەمانتار، گفتوگۆمان کردووە لەسەر گرنگیی جێبەجێکردنی رێنمایییەکانی مەرجەعیەتی ئایینیی پیرۆز لە نەجەف، سەبارەت بە پێویستیی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت، بەو پێیەی ئەوان بەشێکن لە دەوڵەت."
لەبارەی هەمان بابەت، سەعد سەعدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی سادیقوون کە باڵی سیاسیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەقە بە رووداوی گوت: "بابەتی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت دەگەڕێتەوە بۆ رێنمایییەکانی مەرجەعیەتی ئایینی، هەروەها بەهێزکردنی متمانە بە حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکان و پێویستیی پەرەپێدانی پڕچەککردنیان، لەگەڵ پشتگیریکردنی پڕۆسەی سیاسی و پاڵپشتیکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و بونیاتنانیان بە شێوەیەکی دروست لە چوارچێوەیەکی دەستووری و یاساییدا."
سەعد سەعدی دەڵێت: "دەبێت رێگری لە هەر هەوڵێکی نەرێنی بۆ دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباری عێراق بکرێ، بەو مەرجەی ئەم بڕیارە (سنوورداکردنی چەک) عێراقییانە بێت و بە شێواز و لە کاتێکی گونجاودا بێت بۆ بەدیهێنانی سەروەریی تەواوی وڵات."
بەڵام سەرچاوەیەکی باڵا لە کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا بە رووداوی گوت: "پرسی رادەستکردنی چەک لە ئارادا نییە و هیچ گفتوگۆیەکمان لەوبارەیەوە نەکردووە."
"پەیوەندییە ئەرێنییەکەمان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی هاوکاربووە لە چارەسەرکردنی کێشەکان"
لە درێژەی لێدوانەکەیدا لەبارەی پەیوەندییان لەگەڵ سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، فایەق زێدان گوتی: "پەیوەندیمان لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ناوازەیە و لە روانگە و دیدەکانماندا بۆ پرسە نیشتمانی، دادوەری و یاسایییەکان هاوڕاین. ئەم پەیوەندییە ئەرێنییەش هاوکار بووە لە چارەسەرکردنی زۆرێک لەو پرسانە."
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەڵێ: "بە حوکمی پەیوەندییە کەسییەکانمان لەگەڵ زۆربەی سیاسییەکان و هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق، بەشداریمان کردووە لەو هەوڵانەی کە هەموو ئەو کەسایەتییانە دەیانخەنە گەڕ بۆ گەڕانەوەی تەباییی نیشتمانی و پێشخستنی بنەمای (عێراق لە پێش هەمووانە) و (ئینتیما بۆ عێراق) پێش هەر ئینتیمایەکی دیکەی لاوەکی، لەم پێناوەشدا هەنگاوی زۆر باشمان بڕیوە."