پەرلەمانى عێراق بۆ هەڵبژاردنى سەرۆک کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانى عێراق شەممەی داهاتوو کۆدەبێتەوە و یەکێک لە خاڵەکانى کارنامەی کۆبوونەوەکەش هەڵبژاردنى سەرۆکى نوێى پەرلەمانە، کە لە 14ى تشرینى دووەمى ساڵى رابردووەوە ئەو پۆستە بەتاڵە. پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، "ئەستەمە شەممە سەرۆک هەڵبژێردرێت".
رۆژی 25ى کانوونى دووەمى 2024 پەرلەمانى عێراق خشتەى کۆبوونەوەکانى بۆ هەردوو رۆژانی 27 و 29ى کانوونى دووەمی 2024 بڵاوکردەوە.
خشتەى کۆبوونەوەى شەممە 27ى کانوونى دووەم، حەوت بڕگەیە لەوانە هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان، دەنگدان لەسەر هەردوو پڕۆژەیاساى قەرەبووکردنەوەى نەخۆشانى ئایدز، بەکرێگرتنى زەوى کشتوکاڵى و خوێندنەوەى یەکەم و دووەم بۆ چوار پڕۆژەیاسا.
لەوبارەیەوە، د. بڕیار رەشید، پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "هەرچەندە خشتەی دانیشتنی رۆژی شەممە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی تێدایە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەسەر بەربژێرێکی دیاریکراو بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران نییە، سکاڵا دژبەیەکەکانیش لەسەر پرۆسەکە لە دادگایی فیدڕاڵی یەکلایی نەبوونەتەوە، بۆیە ئەستەمە رۆژی شەممە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان یەکلایی بکرێتەوە."
سەرۆکایەتیى پەرلەمانى عێراق، 14ـی کانوونى دووەمی 2024، دانیشتنى تایبەت بە هەڵبژاردنى سەرۆکى نوێى پەرلەمانى بۆ کاتێکى نادیار هەڵگرت لە پاش ئەوەى گەیشتە گەڕى دووەمى دەنگدان لە نێوان شەعلان کرەیم، بەربژێرى هاوپەیمانیى تەقەدووم، لەگەڵ سالم عیساوى، بەربژێرى هاوپەیمانیى سەروەرى.
رۆژی 14ـی تشرینى دووەمی 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکى لەیس دلێمى، ئەندامێتیى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانى عێراق هەڵوەشاندەوە.
بەگوێرەى خشتەى دانیشتنەکانى پەرلەمان، 29ى کانوونى دووەمی 2024، دەنگ بە پڕۆژەیاساى هاوکارى یاسایی دەرێت و خوێندنەوەى یەکەم و دووەم بۆ سێ پڕۆژەیاساى دیکە دەکرێت.