بەربژێربوونی نووری مالیکی؛ 'چوار لایەنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەنگیان پێنەدا'

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای 12 ساڵ لە جێهێشتنی پۆستەکە، جارێکی دیکە ناوی نووری مالیکی وەکو بەهێزترین بەربژێر بۆ سەرۆکایەتیی وەزیرانی عێراق گەڕایەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لەنێو ماڵی شیعەدا چوار لایەنی سەرەکیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئامادەنەبوون دەنگ بە مالیکی بدەن، لەنێو ماڵی سووننەشدا "شەڕی بەیاننامە" و تۆمەتبارکردنی یەکدی دەستیپێکردووە.
 
رۆژی شەممە 24-01-2026 سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە نووسینگەی هادی عامری لە بەغدا کۆبوونەوە. هەرچەندە بە "زۆرینەی دەنگ" نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسایان وەکو بەربژێری گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی دەستنیشان کرد، بەڵام بڕیارەکە بەبێ ناڕەزایەتی نێوخۆیی تێنەڕی.
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە راگەیێندراوێکدا پاساوی بۆ هەڵبژاردنەوەی مالیکی هێناوەتەوە و دەڵێت، ئەم هەنگاوە لە سۆنگەی "بەرپرسیارێتیی نیشتمانی" و پشتبەستن بە "ئەزموونی سیاسی و کارگێڕی" ئەو بووە بۆ پاراستنی سەقامگیریی عێراق.
 
کێ دەنگی بە مالیکی نەدا؟
 
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نێو کۆبوونەوەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆدەنگی لەسەر مالیکی نەبووە و بەشێک لە سەرکردە دیارەکان دەنگیان پێنەداوە.
 
سەرچاوەکەی رووداو گوتی، "هەریەکە لە عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە؛ حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر؛ شبل زەیدی، ئەمینداری کەتیبەکانی ئیمام عەلی و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق دەنگیان بە بەربژێرکردنەوەی نووری مالیکی نەداوە."
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، سەرەڕای ناڕازیبوونی ئەو چوار لایەنە، بەڵام لە کۆتاییدا بە زۆرینەی دەنگ مالیکی هەڵبژێردرا و بابەتەکە لەنێو چوارچێوەکەدا یەکلایی کرایەوە.
 
دابەشبوونی ماڵی سوننە؛ شەڕی بەیاننامەکان
 
یەکلاکردنەوەی ناوی مالیکی، درزێکی گەورەی خستە نێو هێزە سیاسییەکانی سوننە. هاوکات لەگەڵ بڕیارەکەی چوارچێوە، راگەیێندراوێک بەناوی "ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی"ی سوننەکان بڵاوکرایەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا بە تووندی هۆشداری دراوەتە چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبارەی بەربژێرکردنی "کەسایەتییە مشتومڕاوییەکان" و هاتووە، "دووبارەکردنەوەی ئەزموونە شکستخواردووەکانی رابردوو کە بوونە هۆی قەیرانی ئەمنی و ئابووری و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس، عێراق بەرەو هەڵدێر دەبات."
 
بەڵام زۆری نەخایاند، هەردوو هاوپەیمانیی (عەزم) و (حەسم) کە دوو جەمسەری سەرەکیی نێو پێکهاتەی سوننەن، خۆیان لەو راگەیێندراوە بێبەری کرد.
 
هاوپەیمانیی عەزم لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، ئەوان "هاوبەشی بنیاتنانن نەک رووخان" و رێز لە بڕیارەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەگرن. هاوپەیمانیی حەسم-یش رایگەیاند، راگەیێندراوە رەخنەئامێزەکە بە کۆدەنگی نەبووە و تەنیا رای چەند کەسێکی دیاریکراوە.
 
تەقەدووم بۆ رووداو: هەڵگەڕانەوە
 
سەرچاوەیەکی باڵا لە پارتى تەقەدووم (کە محەممەد حەلبووسی سەرۆکایەتی دەکات) بە رووداوی گوت، راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی "بە کۆدەنگی هەموو لایەنەکان بڵاوکراوەتەوە و سەرەتا کەس رەخنەی لێنەبووە."
 
سەرچاوەکەی تەقەدووم، لایەنەکانی دیکەی سوننە بە هەڵگەڕانەوە تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، "ئەو لایەنانە کاتێک زانییان مالیکی بووەتە بەربژێر، بۆ بەرژەوەندیی سیاسیی خۆیان یەکسەر هەڵگەڕانەوە و خۆیان لە ئەنجوومەنەکە بێبەری کرد."
 
بە بڕوای ئەو سەرچاوەیە، تێپەڕاندنی مالیکی ئاسان نابێت و گوتی، "پرسی بەربژێرکردنی نووری مالیکی لەناو پەرلەماندا هەروا بە ئاسانی تێناپەڕێت و پێموایە ناکۆکی سیاسی زۆری بەدوادا دێت."
 
بڕیارە چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەران بکات دانیشتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ساز بکات، تاوەکو رێکارە دەستوورییەکان بۆ راسپاردنی نووری مالیکی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەستپێبکەن.
 
پرۆفایلی نووری مالیکی:
 
ناو: نووری کامل محەممەد حەسەن مالیکی
 
لەدایکبوون: 1950 (قەزای هیندییە - بابل)
 
خوێندن: ماستەر لە ئەدەبی عەرەبی
 
پۆستی حیزبی: ئەمینداری گشتیی حیزبی دەعوەی ئیسلامی
 
ژیانی سیاسی:
 
ساڵی 1970 پەیوەندی بە حیزبی دەعوەوە کردووە.
 
ساڵی 1979 عێراقی جێهێشتووە و لە ئێران و سووریا وەک ئۆپۆزیسیۆن کاری کردووە.
 
2006 – 2014: بۆ دوو خول سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە.
 
2014 – 2018: جێگری سەرۆککۆماری عێراق بووە.
 
ئێستا سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسایە.