پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و پەرلەمانتارانی کورد داوای پڕچەککردنی پێشمەرگە دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی سنوورەکان و مەترسیی دزەکردنی چەکدارانی داعش لە سووریاوە، پەرلەمانی عێراق بانگهێشتی وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ و سوپاسالاری کردووە. نوێنەرێکی کوردیش دەڵێت، "داوا دەکەین هاوشێوەی هێزە عێراقییەکان، پێشمەرگەش پڕچەک بکرێت."
بەگوێرەی بەرنامەی کاری دانیشتنەکە، بڕیارە کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە. لە دانیشتنەکەدا هەریەک لە سابت عەباسی، وەزیری بەرگری؛ عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆ و فەریق روکن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق ئامادە دەبن بۆ خستنەڕووی دوایین ئاڵنگارییە ئەمنییەکان لەسەر سنووری عێراق و سووریا.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی پەرەسەندنەکانی ئەم دواییانە و زیادبوونی مەترسییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا وەک نوێنەرانی کورد داوا دەکەین چەک و پێداویستیی سەربازی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دابین بکرێت."
ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەوە کردەوە، هێزی پێشمەرگە بەشێکە لە سیستمی بەرگریی عێراق و "دەبێت وەک تەواوی هێزەکانی دیکەی عێراق هاوکاری بکرێت و پڕچەک بکرێت."
عێراق و هەرێمی کوردستان نزیکەی 618 کلیۆمەتر سنووری هاوبەشیان لەگەڵ سووریا و رۆژئاوای کوردستان هەیە. بەرپرسانی بەغدا دەڵێن رێکاری تووندیان گرتووەتەبەر.
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە لە دوو خولی رابردوودا ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری بووە، وردەکاریی رێکارەکانی سەر سنووری بۆ رووداو ئاشکرا کرد و گوتی، "سنووری عێراق تەلەبەند کراوە؛ خەندەق لێدراوە کە سێ مەتر قووڵ و سێ مەتر پانە؛ دیواری کۆنکرێتی دانراوە و لە هەر سێ کیلۆمەترێکدا بنکەیەکی چاودێری هەیە."
بەگوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، تەواوی سنوورەکە بە کامێرای گەرمبین چاودێری دەکرێت و بەستراونەتەوە بە ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە بەغدا.
هەرێم کەمال ئاغا دەڵێت، سنوورەکە بە سێ هێڵی بەرگری تووندوتۆڵ کراوە، ئەوانیش هێڵی هێزەکانی پاسەوانی سنوور، هێڵی فیرقەی 15ی سوپای عێراق. هێڵی سێیەم هێزەکانی حەشدی شەعبین. هەروەها هێزی یەدەگ کە هێزێکی گەورەیە لە ناوچەکانی تەلەعفەر و شنگال جێگیر کراون.
دوای پەرەسەندنەکانی سووریا، محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق و فەرماندە باڵاکان سەردانی سنووریان کرد و دڵنیاییان دا کە رێگە بە هیچ دزەکردنێک نادرێت، بەڵام هەرێم کەمال ئاغا هۆشداری دەدات لەوەی مەترسییەکە تەنیا گۆڕانکاریی سەربازی نییە، "بەڵکو مەترسیی سەرەکی دەرچوونی سەرکردە مەترسیدارەکانی داعشە لە زیندانەکانی سووریا."