پەرلەمانی عێراق دۆخی ئابووری و مووچە تاوتوێ دەکات
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکى تایبەت بە دۆخی ئابووری و مووچە دەکات کە بەگوتەی پەرلەمانتارێک؛ پرسەکە پەیوەندیدارە بە چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران کە کێشەی بۆ هەندێک لە فەرمانبەران و پەرلەمانتارانیش دروست کردووە.
یەکشەممە 25ی کانوونی دووەمی 2026، راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق خشتەی دانیشتنی سبەی دووشەممەی بڵاوکردەوە کە یەک بڕگەیە.
بەگوێرەی کارنامەکە، ئەو دانیشتنە بۆ گفتوگۆی گشتی دەبێت لەبارەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانى عێراقى تایبەت بە پرسە ئابوورییەکان و مووچە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: ئەو دانیشتنە بۆ تاوتوێی ناڕەزایەتیی هەندێک لە فەرمانبەرانە بۆ بڕینی دەرماڵەکانیان، سەبارەت بە خاوەنی بڕوانامەکانی ماستەر و دکتۆرا کە بەشێک لە پەرلەمانتاران و فەرمانبەرانى پەرلەمان دەگرێتەوە.
لەم مانگەوە و بەگوێرەی چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانى عێراق، 50%ی دەرماڵەی خاوەنی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا لە سەرجەم وەزارەتەکان رادەگیرێت کە پێشتر پێیان دراوە، هەروەها چیتر گۆڕینی بڕوانامە هەژمار ناکرێت بۆ زیادکردنی مووچە.
شێروان دووبەردانی رایگەیاند: "بڕیارە پەرلەمان راسپاردەیەک ئامادە بکات و دەنگی لەسەر بدرێت بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە."