ئەحمەد ئەسەدی نەبووە پەرلەمانتار و دوو وەزارەت بەڕێوەدەبات
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، ئەرکی بەڕێوەبردنی وەزارەتێکی دیکەشی پێسپێردرا و لەمەودوا بە وەکالەت سەرپەرشتیی وەزارەتی پەروەردەش دەکات. گوتەبێژی وەزارەتی کار دەڵێت، ئەسەدی دەستبەکار بووە.
حەسەن خوام، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 25-01-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار بە فەرمی ئەرکی بەڕێوەبردنی وەزارەتی پەروەردەی عێراقی بە وەکالەت وەرگرت.
پڕکردنەوەی ئەو پۆستە لەلایەن ئەسەدییەوە، لە شوێنی ئیبراهیم نامس جبووری، وەزیری پێشووی پەروەردەیە، کە دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی رابردوودا لە پارێزگای سەلاحەدین دەنگی پێویستی بەدەستهێنا، سوێندی دەستووریی خوارد و بووە پەرلەمانتار.
بۆچی ئەسەدی نەبووە پەرلەمانتار؟
سەبارەت بەوەی ئەحمەد ئەسەدی خۆیشی براوەی هەڵبژاردنە، حەسەن خوام ئاماژەی بەوە کرد، راستە ئەسەدی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق سەرکەوتووە، "بەڵام تاوەکو ئێستا نەچووەتە پەرلەمان و سوێندی دەستووریی نەخواردووە، بۆیە لە رووی یاساییەوە دەتوانێت پۆستەکەی بە وەکالەت وەربگرێت."
ئەحمەد ئەسەدی لە پارێزگای بەغدا لەسەر لیستی (هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان) بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی خۆی بەربژێر کرد و دەنگی پێویستی بەدەستهێنا، بەڵام تاوەکو ئێستا لە پۆستی وەزیری کار ماوەتەوە.
پێشتریش عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق، ئەرکی بەڕێوەبردنی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی بە وەکالەت وەرگرت، دوای ئەوەی ئیڤان فایەق بووە پەرلەمانتار و سوێندی دەستووریی خوارد.