عێراق سزای لە سێدارەدانی بۆ 8 بازرگانی مادەی هۆشبەر دەرکرد


رووداو دیجیتاڵ

دادگەی تاوانەکانی عێراق سزای لە سێدارەدانی بۆ 8 کەس دەرکرد، کە بازرگانیکردنیان بە مادەی هۆشبەر کردووە. 
 
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 25-01-2026 لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریی بڕیارەکەی بڵاوکردەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەو 8 تۆمەتبارە لەکاتی دەستگیرکردنیاندا "600 هەزار حەبی هۆشبەریان پێبووە، کە لە ماددەکانی (ئەمفیتامین و کافایین) پێکهاتبوون."
 
ئەنجوومەنی دادوەری ئاماژەی بەوە کردووە، سزاکە بەپێی بڕگەی یەکەمی ماددەی 27ـی یاسای ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان (ژمارە 50ـی ساڵی 2017) دەرچووە.
 
هەروەها بۆ دەرکردنی سزاکە پشت بەستراوە بە ماددەکانی 47، 48 و 49ـی یاسای سزادانی عێراقی.
 
مەترسیی ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق روو لە زیادبوونە. بەگوێرەی ئاماری دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، پار دەست بەسەر  112 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر و 620 هەزار و 893 حەبی هۆشبەردا گیراوە. هەروەها  14 تۆڕی نێودەوڵەتیی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر هەڵوەشێندراونەتەوە.