فوئاد حوسێن: ئامادەین زیندانییانی داعش لە سووریاوە وەربگرینەوە و سنوورمان کۆنترۆڵ کردووە

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، سنوورەکانیان لەگەڵ سووریا و رۆژئاوای کوردستان بە تەواوی کۆنترۆڵ کردووە. لەبارەی گواستنەوەی زیندانییانی داعشیش دەڵێت، ئەگەر بڕیاری لێبدرێت "وەک حکومەت ئامادەین وەریان بگرین."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 25-01-2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بەغدا، باسی لە دۆخی سنوورەکان و ئەگەری دزەکردنی چەکدارانی داعش کرد.
 
فوئاد حوسێن گوتی: "ئامادەکارییەکی زۆر کراوە کە سنوورەکان بپارێزرێن و بە تەواوی کۆنترۆڵ کراون."
 
سەبارەت بە ئەگەری گواستنەوەی زیندانییانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق، وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەوە کرد، ئەمە پرسێکی نێودەوڵەتییە و لەگەڵ ئەمریکی و ئەورووپییەکان قسەیان کردووە.
 
فوئاد حوسێن گوتی: "تاوەکو ئێستا بڕیار لە گواستنەوەیان نەدراوە، بەڵام وەک سەرەتایەک باسمان کردووە و ئەگەر شتێکی لەو شێوەیە بکرێ، ئێمە وەک حکومەت ئامادەین وەریان بگرین."
 
ئەم لێدوانانە لەکاتێکدایە، هێزەکانی حکومەتی راگوزەری سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، بەرەو ئەو ناوچانە پێشڕەوییان کردووە کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا بوون، ئەمەش ترسی شکاندنی زیندانەکانی لێکەوتووەتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی هەواڵی هەڵاتنی ژمارەیەک زیندانی لە (شەدادی) بڵاوکرایەوە.
 
"لەگەڵ یەکێتی رێکنەکەوتین"
 
فوئاد حوسێن کە هاوکات بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستانە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، ئاشکرای کرد کە بۆ ئەو پۆستە لەگەڵ یەکێتی نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
 
بەربژێرەکەی پارتی گوتی: "بەداخەوە لەگەڵ یەکێتی بۆ هەبوونی یەک بەربژێر نەگەیشتوونەتە ئەنجام و هەر کامەمان بەربژێری تایبەت بە خۆمان دەبێ."
 
بڕیارە رۆژی سێشەممە 27-01-2026 پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کۆببێتەوە. ئێستا 19 بەربژێر هەن، بەڵام رکابەرە سەرەکییەکان بریتین لە فوئاد حوسێن (بەربژێری پارتی) و نزار ئامێدی (بەربژێری یەکێتی).
 
پشتیوانی لە مالیکی
 
سەبارەت بە دیاریکردنی نووری مالیکی وەک بەربژێری سەرۆکوەزیران لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە، فوئاد حوسێن رایگەیاند، سەردانی کردووە و پیرۆزبایی لێکردووە.
 
وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی: "وەک پارتی و وەک تاکە کەسیش پیرۆزباییمان لە بەڕێز مالیکی کردووە و پاڵپشتیی ئەو بڕیارەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەکەین."
 
پێشتریش سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا پێشوازی لە بڕیارەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کرد بۆ دیاریکردنی نووری مالیکی و رایگەیاند، لە چارەسەرکردنی گرفتەکاندا پشتیوانی دەبن.