گۆهدار مزووری: دەرکەوتنی ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری 3 بۆ 4 مانگی دیکەی پێدەچێت
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی بەشی دانیشتووان لە دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری گشتی 3 بۆ چوار مانگی دیکەی پێدەچێت و ئەو ئەنجامانەی ئەمڕۆ راگەیەندراون ئەنجامی بەرایین، ئاشکراشی دەکات کە جگە لە سەرژمێری گشتی، رووپێوییەکی دیکە ئەنجام دەدرێت بۆ دەستنیشانکردنی رێژەی هەژاری لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
گۆهدار مزووری، بەرپرسی بەشی دانیشتووان لە دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی: "نیشاندەرەکانی سەرژمێری بە رێژەیی دەرچوون نەک بە ژمارە، ساخکردنەوەی ژمارەکان و دەستخستنی ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری هێشتا چەند مانگێکی دیکەی پێویستە."
گوتیشی: "ئەنجامە بەراییەکانی سەرژمێری نزیکن لە ئەنجامی رووپێوییە ئامارییەکانی پێشتر، کە چ دەستەی ئاماری عێراق و چ دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ئەنجامیانداون."
بە گوتەی مزووری ئەگەر هیچ پێشهاتێک روونەدات لە چەند مانگی داهاتوو ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری گشتی دانیشتووانی عێراق دەردەچێت و گوتی: "ئەنجامەکانی سەرژمێری ساڵی 2024 بەراورد دەکرێن بە ئەنجامەکانی سەرژمێری 1957ی عێراق تاوەکو دڵنیایی هەبێت لە دروستی داتاکان، هاوکات ئەنجامی سەرژمێری بە چەند پرۆسەیەکی زانستی تایبەت تێدەپەڕێت و دوای تەواوبوونی هەموو قۆناخەکان، ئەوکات دەتوانرێت ئەنجامی کۆتایی سەرژمیری پەسندبکرێت و بە فەرمی رابگەیەندرێت، ئەو پرۆسانەش ئەگەر هیچ پێشهاتێکی نەخوازراو و گرفتێکی بۆ دروستنەبێت ئەوا لانیکەم 3 بۆ چوار مانگی دیکەی پێویستە و دەتوانرێت دوای 4 مانگی دیکە ئەنجامی کۆتایی سەرژمێرییەکە رابگەیەندرێت."
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ بەرپرسی بەشی دانیشتووان لە دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، کە لەکاتێکدا بەپێی نیشاندەرە بەراییەکانی سەرژمێری گشتی ساڵی 2024، رێژەی 72.14%ی دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان خاوەن خانووی خۆیانن، 19.41% کرێچیی تایبەتن، 2.12% کرێچیی حکومەتن و 6.33% لە خانووی خۆڕاییدان.
بەڵام ئەمە نابێتە بنەما بۆ دەستنیشانکردنی هێڵی هەژاری بەشێوەیەکی دروست و گوتی: "جگە لەم نیشاندەرانە رووپێوییەکی تایبەت ئەنجام دەدرێت لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ دەستنیشانکردنی رێژەی هەژاری و رووپێوییەکی نزیکەی ساڵێکی پێدەچێت و چەندین پێوەری زانستی و ئاماری تیدا لەبەرچاو دەگیرێت، تاوەکو داتایەکی دروست لەبارەی رێژەی هەژاری لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستبخرێت."
"دۆخەکە بەوجۆرە خراپ نییە"
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، هاوڕێ تۆفیق، شارەزای ئامار و داتای دانیشتووان باسی لەوەکرد، کە دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان بەپێی نیشاندەرەکانی سەرژمێری بەو ئەندازەیە خراپ نییە، کە پێشبینی دەکرا بەراورد بە دۆخی دانیشتووانی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە.
"بەپێی ئەنجامەکانی سەرژمێری دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان بەوجۆرە خراپ نییە، کە پێشبینی دەکرا و ئەنجامەکان ئەرێنین و تاوەکو رادەیەکی زۆر جێگەی دڵخۆشین، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە رێژەی هەژاری و رێژەی نەخوێندەواری و رێژەی خاوەن یەکەی نیشتەجێبوون هەیە و نیشاندەرەکان دەریدەخەن دۆخی دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان زۆر باشترە لە دۆخی دانیشتووانی بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە" هاوڕێ تۆفیق وای گوت.
گوتیشی: "تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی پیشەیی مامەڵە لەگەڵ ئامانج و ئەنجامەکانی سەرژمێری کراوە و پێشتر بەرپرسانی کورد و تورکمان لە عێراق مەترسییان هەبوو، کە سەرژمێرییەکە بۆ ئامانجی سیاسی بەکاربهێندرێت یان بەلارێدا ببرێت، بەڵام ئەوەی تاوەکو ئێستا دەبینرێت پرۆسەکە پیشەییانە مامەڵەی لەگەڵ کراوە و بۆ ئامانجی پلان و باشکردنی رەشی خزمەتگوزاریی لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە".
رۆژى 20ى تشرینى یەکەمى 2024، سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان لە عێراق و هەرێمى کوردستان کرا، 25ى تشرینى دووەمی 2024 ئەنجامى بەرایى سەرژمێرییەکە بڵاوکرایەوە و ئەمڕۆ (24 شوباتی 2025)یش نیشاندەرە رێژەییەکانی سەرژمێرییەکە ئاشکرا کران، کە بەپێی ئەو سەرژمێرییە ژمارەی دانیشتووانی هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان 46 ملیۆن و 118 هەزار و 793 کەسن و لەو ژمارەیەش شەس ملیۆن و 503 هەزار کەسیان دانیشتووی هەرێمی کوردستانن، بەوپێیەش رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەکاتە 14٪ی دانیشتووانی عێراق.