سوودانی لەبارەی راگەیاندنی پشوو داوایەک لە پارێزگارەکانی عێراق دەکات
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانى، داوا لە پارێزگارەکانى عێراق دەکات؛ 'بەبێ هۆکارى راستەقینە، پشوو رانەگەیێنن.' ئەوەش لە دواى ئەوەى لە شەش پارێزگا بە پاساوى دروستبوونى شەختە، دەوامى قوتابخانەکان کرایە پشوو.
ئەمڕۆ (سێشەممە، 25ـی شوباتى 2025) باسم عەوادى، گوتەبێژى حکومەتى عێراق لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەى بەوە دا؛ سەرۆکوەزیران فەرمانی داوە بە پارێزگارەکان، کە ئەگەر هۆکارى راستەقینە و پێویست نەبێت، لە کاتى گۆڕانى کەشوهەوا دا نەکرێتە پشوو، بەتایبەتی دەوامى قوتابخانەکان.
ئەو فەرمانەى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەکاتێکدایە؛ ئەمڕۆ لە 6 پارێزگا بە پاساوى نزمبوونەوەى پلەى گەرما و دروستبوونى شەختە، دەوامى قوتابخانەکان بە بڕیارى پارێزگارەکانیان کرایە پشوو.
بە گوێرەى راگەیێنراوەکە، سوودانى جەختى لەوە کردووەتەوە 'دەبێت پارێزگارەکان بە گرنگییەوە لە رەخساندنى کاتى تەواو بڕوانن بۆ تەواوکردنى پڕۆگرامى خوێندن و پابەندبوون بە وادەکانى ساڵى خوێندن.''
عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "ئەو تەوژمە سەرمایە لە رۆژهەڵاتى ئەورووپاوە هەڵیکردووە، دەبێتە هۆى شەختە و سەرماى زۆر و رۆژى چوارشەممە لە 8 پارێزگاى عێراق و هەرێمى کوردستان پلەى گەرما لەژێر سفرەوە دەبێت".
ئەمڕۆ لە هەریەک لە پارێزگاکانى؛ بابل، دیوانییە، موسەننا، نەینەوا، دیالە و سەلاحەددین بەهۆى نزمبوونەوەى پلەکانى گەرما و دروستبوونى شەختە، لە قوتابخانەکان کراوەتە پشوو.