وەزارەتی کارەبای عێراق: بەستنی پێوەر دەبێتە ناچاری

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، دەستیانکردووە بە جێبەجێکردنی میکانیزمێکی نوێ بۆ هاوتاکردنی بڕی وزەی بەرهەمهاتوو و دابەشکراو؛ راشیگەیاند، بەستنی پێوەر بۆ هەموو جۆرەکانی بەشداربووان، بە ناوچە کشتوکاڵییەکان و زێدەڕۆکانیشەوە، دەبێتە ناچاری.
 
ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی شوباتی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەرۆکوەزیران رێنمایی داوە بە دانانی پێوەری پێوانەکردن لەسەر دەروازەکانی یەکەکانی بەرهەمهێنان، ئەمەش بۆ ئەوەی بڕی وزەی وەرگیراو لەگەڵ بڕی بەرهەمهاتوو هاوتا بکرێت."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، گوتیشی: "بە کردەیی دەستمان کردووە بە پەیڕەوکردنی میکانیزمێکی ورد بۆ وردبینیی وزەی بەرهەمهاتوو، وەرگیراو و دابەشکراو، تاوەکو بڕی بەفیڕۆچوون و ئەو پارەیەی لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت، دیاری بکرێت."
 
ئەحمەد مووسا، دەڵێت: "گازی هەناردەکراوی ئێران بە تەواوی راگیراوە، بەوهۆیەوە تۆڕی کارەبای نیشتمانی بڕی 4,000 بۆ 4,500 مێگاوات کارەبای لەدەستداوە."
 
بەگوێرەی گوتەکانی ئەحمەد مووسا، وزەی کارەبا بە سێ قۆناخی (بەرهەمهێنان، گواستنەوە و دابەشکردن)دا تێدەپەڕێت و پۆلێنکردنی روونی بۆ کراوە. ئامانج لە دانانی پێوەرە نوێیەکانیش، بۆ زانینی بڕی وردی وزەی بەرهەمهاتوو، دیاریکردنی بڕی سووتەمەنی بەکارهاتوو، ئەنجامدانی پاکتاو لەنێوان کەرتەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردن، هەروەها وردبینیکردن لەو وزەیەی بەفیڕۆ دەچێت، بەتایبەت لای ئەو بەشداربووانەی پارەی کارەبا نادەن.
 
سەبارەت بەو ناوچانەی پێوەریان نییە، گوتەبێژی وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد، پێوەریان بۆ هەموو فیدەرەکان داناوە و بەستنی پێوەریان بۆ هەمووان کردووەتە ناچاری، بە ناوچە کشتوکاڵییەکان و گەڕەکە زێدەڕۆکانیشەوە؛ ئەمەش بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی بارگرانی سەر تۆڕەکان و کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوون.
 
لەبارەی رێژەی کۆکردنەوەی داهاتی کارەبا، ئەحمەد مووسا ئاشکرای کرد، رێژەکە بۆ 44% بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا پێشتر زۆر لەوە کەمتر بوو، ئەمەشی بە "رێژەیەکی باش" لە چوارچێوەی پلانەکاندا وەسف کرد.
 
وەک ئامادەکارییەک بۆ وەرزی گەرما، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا جەختی کردەوە، مانگانە راپۆرت دەدرێتە سەرۆکوەزیران بۆ بەدواداچوونی رێژەی داهات و کەمکردنەوەی سەرپێچییەکان، تاوەکو بۆ وەرزی هاوین و کاتی زۆربوونی گوشارەکان، بارگرانی سەر کارەبا کۆنترۆڵ بکرێت.