لە زیندانێکی بەغدا 90 کابینەی تەلەفۆن دانران
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاند، بۆ ئاسانکاری لە پەیوەندیکردنی زیندانییان بە کەسوکاریانەوە، 90 کابینەی تەلەفۆنی مۆدێرنیان لە زیندانی "عەدالە 2"ی بەغدا داناوە.
موارد ساعدی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دادی عێراق، رۆژی چوارشەممە 25ـی شوباتی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم هەنگاوە بە هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی گەیاندنی عێراق پەیوەندییەکان نراوە، بە مەبەستی فراوانکردنی کەناڵەکانی پەیوەندیی نێوان زیندانییان و خێزانەکانیان لە چوارچێوەی رێکارە یاساییەکاندا.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی داد ئاماژەی بەوەدا، ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە پلانی وەزارەت بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی زیندانەکان و رەخساندنی ژینگەیەکی چاکسازیی گونجاو کە رەچاوی رەهەندە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی زیندانییان بکات.
بە گوتەی ساعیدی کابینە نوێیەکان بە سیستمێکی پێشکەوتوو ئامادەکراون، کە کوالێتی و خێراییەکی باشی پەیوەندیکردنیان هەیە، هاوکات لەژێر چاودێری و رێکارە یاسایی و ئەمنییەکاندایە.
لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق 30 بەندینخانەی هەن، بەپێی ئاماری وەزارەتی دادی عێراق زیاتر لە 60 هەزار بەندکراویان تێدایە.