بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لە کارەکەی دوورخرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
|
دوای پەککەوتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بەهۆی پچڕانی کارەباوە، وەزیری گواستنەوەی عێراق بە وەکالەت بڕیاری دا بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکە لە کارەکەی دووربخاتەوە و لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەش پێکبهێنرێت.
خالید شوانی، وەزیری گواستنەوەی عێراق بە وەکالەت، رۆژی چوارشەممە، 25ـی شوباتی 2026، فەرمانی کرد بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بەپەلە بۆ ئاشکراکردنی هۆکارەکانی کوژانەوەی سیستمی رووناکی و گەشتیاریی فڕۆکەخانەکە (Lighting System)، کە شەوی رابردوو بووە هۆی راگرتنی کاتیی گەشتەکان.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی گواستنەوە، وەزیر رایگەیاندووە، دەبێت لیژنەکە لە ماوەی کەمتر لە 72 کاژێردا ئەنجامەکان و راسپاردەکانی بخاتەڕوو، تاوەکو رێکاری پێویست بگیرێتەبەر و رێگری بکرێت لە دووبارەبوونەوەی رووداوی لەو شێوەیە.
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند، داخستنی کاتیی فڕۆکەخانەی بەغدا لە ئەنجامی "گرفتێکی تەکنیکیی لەناکاو" بووە و، "ئەم هەنگاوە رێکارێکی پارێزگاریی خێرا بوو، بۆ ئەوەی ئاستی سەلامەتی بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بپارێزرێت."
هەر لە چوارچێوەی بڕیارەکاندا، خالید شوانی بڕیاری دا بە دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لە پۆستەکەی، تاوەکو کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان.
شەوی رابردوو، بەهۆی گرفتێکی تەکنیکی و بڕانی کارەبا لە سیستەمی رووناکیی نیشتنەوە و فڕینی فڕۆکەکان، گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بۆ چەند کاژێرێک راگیران، ئەوەش نیگەرانیی گەشتیارانی لێکەوتەوە.