پلاندانانی عێراق: ژمارەی دانیشتووانى هەرێمی کوردستان 12.68%یە


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتى پلاندانانى عێراق رایگەیاند بە 20 نەخشە، وردەکارى سەرژمێرى گشتى دانیشتووانیان بۆ هەرێمى کوردستان ناردووە، سەرەتا 14.14% بووە و دواى لێدەرکردنى ئەو کەسانەى خەڵکى پارێزگاکانى دیکەن، 12.68%ى ماوەتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 25ـی شوباتی 2026، دەستەی راوێژکاری لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە سەرۆکایەتیی خالید بەتال، وەزیری پلاندانان بە وەکالەت کۆبووەوە، یەکێک لەو پرسانەی کە تاوتوێکراون، ناڕەزایەتی و تێبینییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە سەبارەت بە شێوازی هەژمارکردنی ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی ئەنجامی سەرژمێریی گشتیی ساڵی 2024.
 
وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیان،: وەزارەتەکەیان 20 خشتەی وردەکاریی ئەنجامی سەرژمێریی گشتیی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ناردووە، کە زانیاریی تێدا بووە لەبارەی ژمارەی دانیشتووان لەسەر ئاستی پارێزگا، قەزا، ناحیە، گوند و گەڕەک. ئەوە جگە لە راپۆرتی سەرەتایی هەر پارێزگایەک، کە بەگوێرەی ئەو ئامارانە رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان 14.14% بووە، ئەوەش لەسەر بنەمای زانیاری و ئاماری سەرەتایی بەبێ دوورخستنەوە و لێدەرکردن بووە.
 
وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاندووە، هەژمارکردنی ژمارەی دانیشتووان بەگوێرەی ئەوە بووە کە بەر لە سەرژمێری لەسەری رێککەوتوون و لەسەر داوای نوێنەرانی هەرێمی کوردستان ئەو کەسانە لادراون، کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بوون، بەڵام شوێنی نیشتەجێبوونی رەسەنیان لە پارێزگاکانی دیکە بووە.
 
بەگوێرەی ئەو وەزارەتە، لە یەکی تشرینی یەکەمی 2024 ئەو پرسە باس کراوە، کە تێیدا نوێنەرانی دەستەی گشتیی ئاماری هەردوولا ئامادەی بوون و دەرەنجامی کۆبوونەوەیەکی 31ی تشرینی دووەمی 2024 خراوەتەروو، کە بە ئامادەبوونی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران و ژمارەیەک لە بەرپرسانی هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان بووە.
 
سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی 2024 کرا. یەکێک لەو پرسانەی رێککەوتنی لەبارەوە کرا، بەراوردکردنی سەرژمێری لە ناوچە کێشەلەسەرەکان بووە بەپێی تۆماری سەرژمێریی ساڵی 1957.
 
وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، نەخشەی دانیشتووان بەگوێرەی پارێزگاکان دیاریکراوە بۆ ئەو کەسانەی شوێنی نیشتەجێبوونی پێشتریان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بووە و خراونەتە سەر پارێزگا رەسەنەکانیان، ئەوەش وای کرد رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان ببێتە 12.68% و ئەوەش بە وەزارەتی پلاندانان و دەستەی ئامار و نوێنەرەکەیان لە بەغدا دراوە.
 
بەگوێرەى ئەنجامى بەرایی سەرژمێرى، کە 25ى شوباتى 2024 راگەیێنرا ژمارەى دانیشتووان لە عێراق و هەرێمى کوردستان 45 ملیۆن و 407 هەزار و 895 کەس بوو، ئەو ژمارەیە بیانییەکان و پەنابەرانیشى دەگرتەوە.