دادگەى فیدراڵی تاوتوێى سکاڵایەک لەبارەى قەرزەکانى سەر هەرێمى کوردستان دەکات

رووداو دیجیتاڵ

دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق دانیشتنێکى دیکە بۆ تاوتوێکردنى سکاڵایەک دەکات کە دژى ناردنى دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بۆ هەرێمى کوردستان تۆمارکراوە.
 
بەگوێرەى خشتەى کۆبوونەوەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عـێراق، ئەمڕۆ (دووشەممە، 25ـی ئادارى 2024) ئەو دادگەیە لەبارەى سکاڵایەک کۆدەبێتەوە کە تایبەتە بە ناردنى دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بۆ هەرێمى کوردستان. 
 
سکاڵاکە لەلایەن مستەفا سەنەد، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دژى (محەممەد شیاع سوودانی) سەرۆکوەزیرانى عێراق تۆمارکراوە، تێیدا داوای کردووە، دادگەکە بڕیاری حکومەتی عێراق بە نادروست بزانێت، کە تایبەتە بە ناردنى ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێمى کوردستان.   
     
17ـی ئەیلوولی 2023، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بداتە هەرێمى کوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەران بە سێ گوژمەى 700 ملیار دینارى.
 
ئەو بڕە پارەیە لەرێگەى بانکەکانى رافیدەین، رەشید و TBI بۆ سێ مانگى ساڵى رابردوو رەوانەى هەرێمى کوردستان کران.
 
بەگوێرەى بڕیارەکەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، ئەو دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینارە لە پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجە دەبڕدرێت.