مقاوەمە: رادار و هەلیکۆپتەری ئەمریکیمان لە بەغدا تێکشکاند
رووداو دیجیتاڵ
مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق رایدەگەیێنێت، رادار و هێلیکۆپتەری هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایان لە بەغدا تێکشکاندوە.
بەگوتەی گرووپی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق"، هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی سەربازیی "ڤیکتۆری" سەر بە هێزەکانی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، کە بە بنکەی پشتیوانی دیپلۆماسیی ئەمریکا ناسراوە
بەگوێرەی ئەو دیمەنە ڤیدیۆیەی کە پلاتفۆرمەکانی نزیک لە کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق کە خۆیان وەک گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنێت، بڵاویانکردووەتەوە، لەو هێرشەدا توانیویانە رادارەکان و هێلیکۆپتەری هێزەکانی ئەمریکا تێکبشکێنن و لە نێو بنکەکەدا بیتەقێننەوە و زیانیان پێ بگەیەنن.
تاوەکو ئێستا لایەنی ئەمریکی هیچ زانیارییەکی لەبارەی ئەو هێرشەی گوایە مقاوەمە کردوویەتی بڵاونەکردووەتەوە.
لە 28ی شوباتەوە کە ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران، گرووپە چەکدارەکانی عێراق کە خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنن، هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەمریکاش بەردەوامە لە وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانە.
ئەو گرووپانە بانگەشەی ئەوە دەکەن لە 28ی شوباتەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 500 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە، لە بەرامبەر ئەمریکا 49 جار لە عێراق هێرشی کردووەتە سەر ئەو گرووپانە و بەهۆیەوە 57 چەکداریان کوژران و 91 چەکداریشیان بریندار بوون.