قاسم ئەعرەجی: عێراق هێرشکردنە سەر حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکان رەت دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێ، حکومەتی وڵاتەکەی هێرشکردنە سەر بارەگاکانی هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی رەتدەکاتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 25ی ئاداری 2026، بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەکەی، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ رۆبن میڵتۆن، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە بەغدا دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە و لێکەوتەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان تاوتوێ کردووە.
نووسینگەکەی دەڵێت، قاسم ئەعرەجی لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە عێراق لەگەڵ وڵاتانی دۆست و دراوسێ کاردەکات بۆ راگرتنی جەنگ و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ، "ئەوەش لە رێگەی دروستکردنی پردی متمانە لەنێوان لایەنەکان، بەجۆرێک کە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکاندا بگونجێت."
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاندووە: "عێراق بەئامانجگرتنی بارەگاکانی حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکان رەتدەکاتەوە؛" ئاماژەی بەوەش کردووە کە حکومەت رێکاری تووندی گرتووەتە بەر بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و باڵیۆزخانەکان.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی بەریتانیا ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقی کردووە بۆ پاراستنی دیپلۆماتان و رایگەیاندووە، حکومەتی وڵاتەکەی هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە.
وەک راگەیێندراوەکە دەڵێ، میڵتۆن باسی لەوە کردووە "حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی نیشتمانییە و لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسند کراوە، رۆڵێکی گرنگیشی لە شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش هەبووە،" هەروەها جەختی لە گرنگیی کاری هاوبەش کردووەتەوە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان.