حکومەتی عێراق لەبارەی هێرشەکەی ئەنبار: مافی وەڵامدانەوەمان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، هێرشەکەی پارێزگای ئەنبار بە "تاوان " ناودەبات و دەڵێت، عێراق مافی وەڵامدانەوەی بە هەموو ئامرازەکان هەیە؛ دەشڵێت، "کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا بانگهێشت دەکرێ."
رۆژی چوارشەممە، 25ی ئاداری 2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسییەکانی عێراق بۆ دوورخستنەوەی وڵات لە جەنگی ناوچەکە، "دەستدرێژییە شەرمەزارکراوەکان" بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن کە دواینیان هێرشێکی "ناڕەوا" بوو بۆسەر بنکەی تەندروستیی سەربازیی حەبانیەی سەر بە وەزارەتی بەرگری.
"مافی وەڵامدانەوەمان هەیە"
سەباح نوعمان دەڵێ، حکومەت و هێزە چەکدارەکانی عێراق، بەپێی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، مافی تەواوی وەڵامدانەوەیان بە هەموو ئامرازە بەردەستەکان هەیە و گوتیشی: "حکومەت بەرامبەر رژانی خوێنی شەهیدە قارەمانەکانمان بێدەنگ نابێت. ئەوەی روویدا تاوانێکی گەورەیە و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و زیان بە پەیوەندییەکانی نێوان گەلانی عێراق و ئەمریکا دەگەیێنێت."
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، "وەزارەتی دەرەوەی راسپاردووە بۆ بانگهێشتکردنی کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق و پێدانی یاداشتێکی ناڕەزایەتی فەرمیی زۆر تووند کە تێیدا سەرکۆنەی ئەم رەفتارە نابەرپرسانەیە کراوە کە گەیشتووەتە ئاستی تاوان."
سکاڵا لە ئەنجوومەنی ئاسایش
گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێ، عێراق سکاڵایەکی فەرمی کە بە بەڵگە و وردەکاریی پێویست پشتڕاستکراوەتەوە، ئاراستەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، ئەوەش بۆ "چەسپاندنی مافی عێراق و گەلەکەی بەرامبەر بەم پێشێلکارییانە."
ئەم راگەیێندراوە دوای ئەوە هات کە ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردوومانێکی ئاسمانی بۆ سەر بنکەیەکی تەندروستیی سەر بە وەزارەتی بەرگری لە حەبانییە، حەوت سەرباز کوژران و 13ی دیکەش بریندار بوون.