قاسم ئەعرەجی: هێرشکردنە سەر پێشمەرگە و سوپا و حەشد لێدانە لە شکۆی دەوڵەت
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، بەئامانجگرتنی هەر پێکهاتەیەکی ئەمنیی عێراقی، بە "دەستدرێژییەکی مەترسیدار" بۆ سەر یەکپارچەیی و شکۆی دەوڵەت دادەنرێت.
رۆژی چوارشەممە، 25ـی3ـی 2026، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی لە ئێکس، قاسم ئەعرەجی بە تووندی ئیدانەی ئەو هێرشانەی کرد کرانە سەر بارەگا ئەمنییەکان لە پارێزگاکانی نەینەوا، ئەنبار، بابل و هەولێر: "ئەو هێرشانە، بە هێرشە دەرەکییەکانیشەوە، پێشێلکردنی روونی سەروەریی عێراق و یاسا نێودەوڵەتییەکانن."
قاسم ئەعرەجی نووسیویەتی: "ئەو هێرشانە سوپای عێراق، حەشدی شەعبی و هێزەکانی پێشمەرگەیان گرتووەتەوە و بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی وڵات". جەختیشی لەوە کردەوە: "پێویستە هەڵوێستێکی نیشتمانیی یەکگرتوو بۆ پاراستنی عێراق و پاراستنی سەروەرییەکەی وەربگیرێت."
ئەعرەجی باسی لە گرنگیی پابەندبوونی هەموو لایەنەکان بەو رێککەوتننامانە کرد لەنێوان عێراق و هاوبەشەکانیدا واژۆ کراون، بە شێوەیەک کە رێز لە سەروەریی وڵات بگرن و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بەهێز بکەن.
لە کۆتاییدا، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی داوای کرد عێراق لە ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دووربخرێتەوە و وڵات لە وێرانکارییەکانی جەنگ بپارێزرێت.