وەزیری ناوخۆی تورکیا: لە ئاهەنگەکانی نەورۆزدا 209 کەس دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە کاتی بەڕێوەچوونی چالاکییەکانی جەژنی نەورۆزدا 209 کەس دەستگیرکراون.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی ئاداری 2026، مستەفا چیفتچی، لە هەژماری سۆشیاڵ میدیای خۆی رایگەیاند، دەستگیرکردنەکان ئەو کەسانەی گرتووەتەوە "پێچەوانەی یاسای کۆبوونەوە و خۆپێشاندانەکان کاریان کردووە و پروپاگەندەیان بۆ رێکخراو [پەکەکە] کردووە."
چیفتچی لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: "نەورۆز، لەم خاکەدا بۆ ماوەی چەندین سەدەیە یەکێکە لە بەهێزترین هێماکانی یەکێتی، پێکەوەبوون و برایەتی، بەڵام هەرگیز رێگە بەوانە نادەین کە ئەم بەها هاوبەشانەمان بۆ کاری تێکدەرانە بەکاردەهێنن."
راشیگەیاند: "لە چوارچێوەی چالاکییەکانی جەژنی نەورۆزدا، 209 کەس کە دژی یاسای ژمارە 2911ی کۆبوونەوە و خۆپێشاندانەکان وەستاونەتەوە و هەڵساون بە ئەنجامدانی چالاکی پروپاگەندەیی کە ئارامی ئێمەی کردووەتە ئامانج، لەلایەن پۆلیسە قارەمانەکانمانەوە دەستگیرکراون. وەک رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری بەڕێزمان رایگەیاندووە؛ ئەم جۆرە هاندانانە کە ئامانجیان تێکدانی پرۆسەی 'تورکیای بێ تیرۆر'ە، کە لەم رۆژانەدا گرنگییە ستراتیژییەکەی باشتر دەرکەوتووە، بێگومان وەڵامی پێویست لەلایەن ئێمەوە وەردەگرنەوە."
بەپێی میدیای نزیک لە دەم پارتی، لە ئاهەنگەکانی جەژنی نەورۆز؛ لە بەدلیس 25 کەس، لە ئامەد 18 کەس، لە ئیستەنبووڵ 38 کەس، لە بوڕسا 32 کەس، لە وان 11 کەس بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکە دەستگیرکران.