لە بەندەری فاو گومان دەکرێت 20 ملیار دۆلار گەندەڵی کرابێت

رووداو دیجیتاڵ 

لە بەندەری گەورەی فاو، گومانی 20 ملیار دۆلار گەندەڵی دەکرێت و ئەندامێکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لەو کەیسە دەڵێت "قیرتاوکردنی تەنیا یەک کیلۆمەتری بەندەرەکە، زیاتر لە 7 ملیۆن دۆلاری تێچووە." 
 
رۆژی 15ـی نیسانی 2024 موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی کاتیی پەرلەمانی عێراق، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بە گومانی "گەندەڵی" لە بەندەری گەورەی فاو لە پارێزگای بەسرە پێکهێناوە.
 
لیژنەکە بە سەرۆکایەتیی یاسر هاشم حوسێنی و ئەندامیێتیی 12 پەرلەمانە. سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری، کە ئەندامی لیژنەکەیە ئەمڕۆ بە رووداوی گوت "گومان دەکرێت 20 ملیار دۆلار لە بەندەرەکە گەندەڵی کرابێت." 
 
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە "بەپێی بەڵگەکان، قیرتاوکردنی تەنیا یەک کیلۆمەتر لە شەقامی بەندەرەکە 7.3 ملیۆن دۆلاری تێچووە."
 
پێشتر چەند جارێک لیژنە لەسەر ئەو بەندەرە پێکهاتووە؛ بەڵام بێ ئەنجام بووە، پەرلەمان هەوڵدەدات لە رێگەی ئەو لیژنەیە بەدواداچوون بۆ ئەو کەیسە بکات. سۆران عومەر گوتی "لیژنەکەمان هەفتەی داهاتوو سەردانی بەندەری گەورەی فاو دەکات، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆدەبێتەوە. دواتر ئەنجامی لێکۆڵێنەوەکانیان بە راپۆرتێک دەخەنە بەردەم پەرلەمان."   
 
رۆژی 5ـی نیسانی 2010 لەلایەن وەزیری ئەوکاتی گواستنەوەی عێراقەوە بەردی بناخەی بەندەری گەورەی فاو دانراوە. 
 
بەپێی دیزایینەکەی؛ بەندەرەکە دەبێتە گەورەترین بەندەری سەر کەنداو، یەکێک دەبێت لە گەورەترینەکان لەسەر ئاستی جیهان، نەخشەی گواستنەوەی دەریایی لە جیهاندا دەگۆڕێت، لەبەرئەوەی کاڵاکان لە چین و ژاپۆن و باشووری رۆژهەڵاتی ئەوروپاوە بەڕێگەی عێراقدا دەگەیەنێتە جیهان و، بەپێچەوانەشەوە. دەبێتە جێگرەوەی نۆکەندی سوێسی میسر.
 
بەپێی توێژینەوەیەک کە لە تەمووزی 2020 بڵاوکراوەتەوە؛ بەندەرەکە ساڵانە 25 تاوەکو 35 ملیار دۆلار داهات دەهێنێتە خەزێنەی عێراق، ئەمە جیا لە داهاتی کارەکانی دیکەی پەیوەست بە بەندەرەکەوە، لە شێوەی گواستنەوە، فڕۆکەوانی، فڕۆکەخانەکان، شەمەندەفەر و سووتەمەنی.