لەسەر شەڕە چەکدارییەکەی کەربەلا 11 کەس دەستگیرکران و سەرایا سەلام بارەگاکانی داخست
رووداو دیجیتاڵ
دوای شەڕە چەکدارییەکەی نێوان چەکدارانی سەرایا سەلام و گرووپێکی چەکداری لە کەربەلا، وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستگیرکردنی 11 کەسی راگەیاند. هاوکات سەرایا سەلامیش چالاکییەکانی لەو پارێزگایە راگرت و بارەگاکانی داخست.
ئەمڕۆ شەممە 25-04-2026، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئێوارەی رۆژی هەینی، لە گەڕەکی عەسکەری لە ناوچەی تاقەی پارێزگای کەربەلا، دەمەقاڵێ لەنێوان دوو لایەن دروستبوو و دواتر گۆڕا بۆ شەڕەتەقە لە دەرەوەی شوێنی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمێکدا".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە ئەنجامی شەڕەکەدا چەند کەسێک بریندار بوون و بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانە کران.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێ، هێزە ئەمنییەکان دەستبەجێ چوونە شوێنی رووداوەکە و رێکاری تووندیان گرتووەتەبەر؛ لەو چوارچێوەیەشدا 11 کەس دەستگیرکران کە هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی شەڕەکە بوون.
وەزارەتەکە باس لەوە دەکات، ئێستا دۆخی ناوچەکە لەژێر کۆنترۆڵی فەرماندەیی پۆلیسی کەربەلادایە.
لەلایەکی دیکەوە و وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر رووداوەکە، سەرایا سەلام، باڵی چەکداریی رەوتی نیشتمانیی شیعە بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر، بڕیاری دا چالاکییەکانی لە پارێزگای کەربەلا رابگرێ و سەرجەم بارەگاکانی لەو پارێزگایە داخست.
سەرایا سەلام ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو بڕیارەیان "لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و سووربوون لەسەر پاراستنی دۆخی ئەمنی پارێزگاکە" بووە.