تەرمی ئەو پێشنوێژ و وتارخوێنەی لە دیالە خنکا دۆزرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ تەرمی ئەو پێشنوێژ و وتارخوێنە دۆزرایەوە، کە دوێنێ هەینی لە رووباری دیالە لە ناوچەی سەدوور، لەکاتی دەستنوێژگرتندا کەوتبووە نێو ئاو و خنکابوو. بەگوتەی پۆلیسی دیالە لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی 13 کەس لەو پارێزگایەدا خنکاون.
ئەحمەد قەیس ئەحمەد، ناسراو بە شێخ ئەبو نوور زوهێری، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی سبتین لە ناوچەی سەربازگەی سەعد لە پارێزگای دیالە، رۆژی هەینی 24-04-2026 لەگەڵ کۆمەڵێک گەنجی مزگەوتەکەی بۆ گەشتێکی بەهارە چوونەتە ناوچەی گەشتیاریی سەدوور. لەوێ لەکاتی دەستنوێژگرتن بۆ نوێژی عەسر، کەوتووەتە نێو ئاو و خنکاوە.
عەمید هەیسەم شەمەری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی پارێزگای دیالە، ئەمڕۆ شەممە 25-04-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای هەوڵێکی زۆر و گەڕانێکی چڕ، تیمەکانی پۆلیسی رووبار توانییان تەرمەکە بدۆزنەوە و لە ئاوەکە دەریبهێنن."
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی دیالە ئاماژەی بەوەش کرد، تەرمەکە لە نزیک ئەو شوێنەی تێیدا خنکابوو دۆزراوەتەوە و رادەستی پزیشکی دادی پارێزگاکە کراوە.
سەبارەت بە ئاماری ئەو کەسانەی ئەم ساڵ لە دیالە خنکاون، بەگوتەی عەمید هەیسەم شەمەری، ئەم ساڵ نزیکەی 13 کەس لە پارێزگای دیالە خنکاون.