وەبەرهێنانى گازى سرووشتى ئەنبار دەدرێتە کۆمپانیاى ئارامکۆى سعودى
رووداو دیجیتاڵ
عێراق و سعودیە بۆ بەشداریکردنى کۆمپانیاى ئارامکۆ لە پەرەپێدانى کێڵگەى گازى سرووشتیی عەکاز لە پارێزگاى ئەنبار رێککەوتن و بەرهەمهێنانى بۆ 400 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا زیاد دەکرێت.
25ى ئایارى 2023، حەیان عەبدولغەنی، وەزیرى نەوتى عێراق لەکاتی بەشداریکردنى لە کۆبوونەوەکانى ئەنجوومەنى هاوئاهەنگى عێراقى – سعودى لە ریاز رایگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانى ئەو وڵاتە رێککەوتوون بە بەشداریکردنى کۆمپانیاى ئارامکۆ لە پەرەپێدانى کێڵگەى گازى سرووشتى عەکاز لە پارێزگاى ئەنبار.
حەیان عەبدولغەنى رایگەیاندووە، کە ئامانج لە بەشداریکردنى کۆمپانیاى ئارامۆ لە پەرەپێدان بەو کێڵگەیە ئەوەیە بەرهەمى رۆژانە بگەیێندرێتە 400 ملیۆن پێ سێجا.
کۆمپانیاى نەوتى عەرەبی سعودى ناسراو بە "ئارامکۆ" کۆمپانیایەکى تایبەتمەندى بوارى بەرهەمھێنانى نەوت و گازە کە لەلایەن عەرەبستانى سعودی خاوەندارێتى دەکرێت.
28ـى ئادارى 2023 بۆ یەکەمجار بەرهەمهێنانى گازى سرووشتى لە کێڵگەى عەکاز دەستیپێکرد بە بڕى 60 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا، کە لەلایەن کۆمپانیاى نەوتى ناوەڕاست ئەنجام دەدرێت .
کێڵگەى عەکاز لە ساڵى 1981 دۆزراوەتەوە، یەدەگەکەی بە پێنج تریلیۆن مەتر سێجا دەخەمڵێندرێت، لە ساڵى 2011دا گرێبەستى بەرهەمهێنانى گازى سرووشتیى ئەو کێڵگەیە درایە کۆمپانیایەکى کۆریاى باشوور، بەڵام لەپاش تەواوکردنى 60%ـى کارەکانى بەهۆى شەڕى داعش کێڵگەکەى بەجێهێشت و وەزارەتى نەوت ئەرکى بەرهەمهێنانى گرتەئەستۆ.