مادەکانى 13 و 14ی پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەدا بە گۆڕانکارییەوە پەسندکران
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەى دارایی پەلەمانى عێراق مادەکانى 13 و 14ى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیی بەگۆڕانکارییەوە پەسندکرد کە تایبەتن بە پشکى هەرێمى کوردستان و چەند ئەندامێکى کوردى لیژنەکەش کۆبووەنەوەکەیان جێهێشت.
رۆژی 25ى ئایارى 2023 شێروان دووبەردانى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "لە نێو لیژنەى دارایی دەنگ بە مادەکانى 13 و 14 ى پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى دراوە کە پشکى هەرێمى کوردستانی دیاریکردووە، بەڵام بەو گۆڕانکارییانەوە پەسندکراوە کە ئەندامە شیعەکانى لیژنەکە پێشکێشیان کردووە."
شێروان دووبەردانى گوتیشى: "ئەندامە سوننەکانى لیژنەکە تێبینییان هەبووە لەسەر ئەو گۆاڕانکارییانە و دەنگیان پێنەداوە و ئەندامە پارتییەکانی ئەو لێژنەیەش کۆبوونەوەکەیان جێهێشتووە."
ئەو دوو مادانەى پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى، تایبەتن بە بڕ و چۆنییەتى فرۆشتنى نەوتى هەرێمى کوردستان، هەڵگرتنى داهاتەکەى لە هەژمارى بانکى، وردینیکردنى و دەسەڵاتى خەرجکردنى، دانەوەى قەرزەکانى سەر حکومەتى هەرێمى کوردستان، چۆنییەتى چارەسەکردنى ناکۆکى نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەى دروستبوونى کێشە لەسەر جێبەجێنەکردنى پەیوەستبوونە داراییەکانى نێوانیان.
18ى ئایارى 2023، 10 ئەندامى لێژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق کە زۆرینەیان شیعە بوون، بە فەرمى پێشنیازێکیان دایە لیژنەکەیان بۆ ئەوەى هەدروو مادەکانى 13 و 14 ى پڕۆژەیاسایى بودجەى گشتى هەموار بکەن، کە تیابەت بوون بە پشکى هەرێمى کوردستان و داوا دەکەن ئەگەر هەناردەى نەوت دەستپێنەکاتەوە، هەرێمى کوردستان 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى وەزارەتى نەوت بکات و بەرپرسیارێتى پرۆسەى فرۆشتنى نەوت لە حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە بگۆڕدرێت بۆ کۆمپانیاى بە بازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ) و ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى گشتى ببەسترێتەوە بە جێبەجێکردنى دوو بڕگەى مادەى 13ى پڕۆژەیاساکە کە تایبەتن بە رادەستکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان و داهاتى نانەوتى، هاوکات داواکراوە ماوەى پرۆسەى پاکتاوکردنى ئەو پارانەى بانکى بازرگانى عێراق و بانکە حکومییەکانى دیکە کە لەسەر هەرێمى کوردستانن بە گوێرەى لێبڕینى مانگانە، بکرێتە پێنج ساڵ؛ لەکاتێکدا کە لە پڕۆژەیاسای بودجەی ماوەکە بە حەوت ساڵ دیاریکرابوو.
لە پێشنیازێکى دیکەدا، داواکراوە ئەو هەژمارە بانکییەی پارەى داهاتى نەوتى هەرێمى کوردستانى تێدا هەڵدەگیرێت، لەلایەن وەزارەتى داراییەوە لە بانکى ناوەندى بکرێتەوە، لەکاتێکدا بەگوێرەى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى باسی رۆڵى وەزارەتى دارایی و بانکى ناوەندى نەکراوە لە کردنەوەى ئەو هەژمارە بانکییە و لە بڕگەى بوونی ناکۆکى لەبارەى پەیوەستبوون بە مادەکانى پڕۆژەیاسای بودجە، پەنا بۆ بڕیارەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵى ببرێت و ناردنى بەشە بوجەى هەرێمى کوردستان رابگیرێت.
لە بەشێکى دیکەى پێشنیازى ئەو پەرلەمانتارانەدا داواکراوە، بڕگەیەک بۆ مادەى 13ـی پڕۆژەیاساکە زیاد بکرێت، بەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان ناچار بکرێت ژمارەى فەرمانبەرانى مەدەنى و سەربازى خۆى بداتە وەزارەتى دارایی و دیوانى چاودێریی دارایی عێراق. داواشکراوە ئەگەر هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان دەستى پێنەکردەوە لە رێگەى دەروازەکانەوە یان بۆ بەرهەمى نێوخۆیی بەکارنەهێنرا، رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى وەزارەتى نەوتى حکومەتى فیدراڵى بکات.
پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیی عێراق کە بۆ سێ ساڵە، قەبارەکەى زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە، لەو بڕە زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە.