گواستنەوەی عێراق: زیاتر لە 10 هەزار هاووڵاتی بە فڕۆکە چوونەتە سعودیە

رووداو دیجیتاڵ

گواستنەوەی عێراق دەڵێت، زیاتر لە 10 هەزار هاووڵاتیی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان بە فڕۆکە گەیشتوونەتە سعودیە. 
 
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 10 هەزار هاووڵاتیی عێراق و هەرێمی کوردستان لە رێگەی هێڵی ئاسمانیی عێراقییەوە گەیشتوونەتە سعودیە و پرۆسەی گواستنەوەی ئەو هاووڵاتییانەش بەردەوامە کە ناویان بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج گەڕاوەتەوە".
 
مەیسەم سافی گوتی، هێڵی ئاسمانیی عێراقی قۆناخی یەکەمی گەیاندنی حاجییانی لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی بەغدا، هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، نەجەف و بەسرە تەواو کردووە.
 
گوتەبێژی وەزارەتەکە رایگەیاند، تاوەکو چوارشەممەی ئەم هەفتەیە پرۆسەکە بەردەوام دەبێت و شەش هەزارەکەی دیکەش کە ماون بە فڕۆکە دەگوازرێنەوە بۆ سعودیە.
 
دوێنێ شەممە 24-05-2025 کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە شاری مەدینەی سعودیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئەو رۆژە "سێ هەزار و 398 هاونیشتمانی بۆ حەج گەیشتوونەتە سعودیە، هەزار و 734 کەسیان لە رێگەی ئاسمانی و هەزار و 664 کەسیشیان لە رێگەی وشکانی".
 
کاروان ستوونی گوتی: "تاوەکو ئێستا هیچ رووداوێکی نەخوازراو لەنێو زیارەتکارانی کوردستان لە رێگە و لە سعودیەش رووینەداوە".
 
16ی ئەم مانگە، یەکەم کاروانی زیارەتکارانی فەریزەی حەج لە هەرێمی کوردستانەوە لە رێگەی وشکانییەوە بەرەو سعودیە بەڕێکەوت.
 
گوتەبێژی حەج و عومرە گوتی: "گەشتەکان بەردەوامن و 28ـی ئەم مانگە دوایین گەشت لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە دەکرێت".
 
پار چوار هەزار و 174 کەس ناویان دەرچوو، بەڵام بۆ حەجی ئەم ساڵ کە لە 25-09-2024 تیروپشکی بۆ کرا، پێنج هەزار و 120 کەس ناویان دەرچوو.
 
ئەم ساڵ نزیکەی 34 هەزار کەس لە پارێزگاکانی عێراق حەج دەکەن و لە هەرێمی کوردستانیش پێنج هەزار و 120 کەس دەچنە حەج.