ئاسايشى نيشتمانیى عێراق: دەستمان بەسەر 51 بارى قاچاخدا گرت کە لە هەرێمى کوردستانەوە هاتبوون

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق رایگەیاند، دەستیان بەسەر 51 بارهەڵگردا گرتووە کە گوایە ویستوویانە بارى قاچاخ لە هەرێمى کوردستانەوە بە بازگەکانى گومرگدا تێپەڕێنن بۆ ناوچەکانى نێوەڕاست و باشوورى عێراق. 
 
ئەو دەزگایە لە راگەیێنراوێکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ى ئادارى 2025، بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەى بەوەداوە کە ئەو 51 بارهەڵگرە لە بازگەکانى گومرگى نێوان هەرێمى کوردستان و هەریەک لە پارێزگاکانى دیالە و کەرکووک و نەینەوا دەستیان بەسەردا گیراوە. 
 
لە ناوەڕاستى مانگى ئایارەوە دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق و لایەنە پەیوەندارەکانى هەرێمى کوردستان رێککەوتن ماوەی 72 کاژێر دوای سێڵی گومرگی بۆ گواستنەوەى کاڵاى هاوردەکراو درێژ بکرێتەوە بۆ هەفتەیەک، ماوەی 60 رۆژ بۆ هاتنەژوورەوەی کاڵای پارچەکراویش لە کۆگاکانەوە بۆ 120 رۆژ درێژبکرێتەوە تاوەکو رێگەیان پێبدرێت دەربازى ناوچەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق ببن. 
 
دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى عێراق رایگەیاند، ئەو بارانە رەزامەندى فەرمیی گومرگ-یان وەرنەگرتووە و ئەو بڕە کاڵایەى دەستى بەسەردا گیراوە، سەدان تۆن بووە.
 
لە بەشێکى دیکەى راگەیێنراوەکەدا هاتووە: "دەرکەوتووە بەشێک لەو بارانەى دەستیان بەسەردا گیراوە، مامەڵەى ساختەیان بۆ کراوە، یان فێڵى تێدا کراوە بەوەى بەڵگەنامەى بەرهەمى دیکەیان بۆ کراوە بۆ تێپەڕاندنیان." 
 
حکومەتى فیدراڵى عێراق بە پاساوى پاراستنى بەرهەمى ناوخۆیی رێگە نادات بەشێک لە بەرهەمەکان لە هەرێمى کوردستانەوە دەربازى ناوچەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق بن، ئەگەرچى کارگەکانیان لە هەرێمى کوردستانە.
 
بە گوێرەى دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى عێراق، ئەو کەرەستانەى دەستیان بەسەردا گیراوە، بریتى بوون لە خۆراک، ئامێرى کارەبایی و ئەلیکترۆنى، کەرەستەى تەندروستى و بیناسازی، پاککەرەوە و گەنم، شۆفێرى بارهەڵگرەکانیش دەستگیر کراون.