لیژنەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زیاتر لە سێ هەزار پارچە زەوی لە حەمدانییە پێکدەهێندرێ
رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە سێ هەزار پارچە زەوی کە بەر لە ساڵی 2003 لە سنووری قەزای حەمدانییە لە پارێزگای نەینەوا دابەشکراون، بە پاساوی گۆڕانکاریی دیمۆگرافی نەدراونەتە خاوەنەکانیان. ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لیژنەیەکی بۆ چارەسەری ئەو بابەتە پێکهێناوە و 1600 زەوی دیکەش بەسەر پێکهاتەکانی دیکەدا لە هەمان ناوچە دابەش دەکات بۆ ئەوەی کۆتایی بەو کێشەیە بهێندرێ.
محەممەد کاکەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو سێ هەزار زەوییە لە جەلەوخان و قەزە فەخرەن لە حەمدانییە کە زۆرینەی دانیشتووانەکەیان کوردى شەبەکن و بەر لە ساڵی 2003 دابەشکراون بەسەر پێکهاتەی عەرەبدا و تاپۆیان هەیە، بەڵام بە پاساوی ئەوەی گۆڕانکاریی دیمۆگرافی لێدەکەوێتەوە، رێگە نەدراوە خاوەنەکانیان مامەڵەیان پێوە بکەن."
ئەو ناوچەیەی زەوییەکانی لێ دابەشکراوە، لە سنووری مادەی 140ی دەستووری عێراقە کە ناوچەی کوردستانیی جێناکۆکن.
محەممەد کاکەیی رایگەیاند، لیژنەکە بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە بڕیاری داوە زیاتر لە 1600 پارچە زەوی دیکە بەسەر فەرمانبەران لە پێکهاتە جیاوازەکانی دیکە دابەش بکرێ بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو سێ هەزار کەسەی پێشوو وەریبگرن و خزمەتگوزارییان بۆ دەستەبەر بکرێ و بتوانن مامەڵە بە زەوییەکانیانەوە بکەن.
بە گوتەی ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگا، ئەو 1600 زەوییە دیکەیەی کە بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە بڕیاری لێدراوە، لە دوو مانگی داهاتوودا دابەش دەکرێن.