عەباس عەرداوی لەسەر پۆستێکی لەبارەی کردنەئامانجی رادارەکانی بنکە سەربازییەکان دەستگیرکرا

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی پۆستێکی لەبارەی کردنە ئامانجی رادارەکان لە بنکەی تاجی لە بەغدا کرد؛ ئەمڕۆ عەباس عەرداوی، کەسی نزیک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەستگیر کرا.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی حوزەیرانی 2025 وەزارەتی بەرگریی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، لەسەر رێنوێنیی محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بەوەی نەرمی نەنوێنرێت لەگەڵ ئەو کەسانەی زیان بە دۆخی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات دەگەیێنن، "ئەمڕۆ فەرمانی دادگە بۆ دەستگیرکردنی چالاکڤانی میدیایی عەباس فەلاح عەرداوی جێبەجێ کرا."
 
هۆکاری دەستگیرکردنەکەشی روونکردووەتەوە، کە بڵاوکردنەوەی "پۆستێکی هاندەرانە" بووە، تێیدا "بە ئەنقەست سووکایەتی و ناوزڕاندنی" بە دامەزراوەی ئەمنی کردووە، ئەمەش بە "زیانگەیاندن بە ئاسایشی نەتەوەیی" لە قەڵەم دراوە.
 
وەزارەتەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، "ئازادیی رادەربڕین مافێکی پارێزراوە کە حکومەتی عێراق کاری بۆ پاراستنی کردووە، بەڵام ئەم ئازادییە لە سنووری ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵاتدا دەوەستێت."
 
وەزارەتەکە دووپاتی دەکاتەوە، دامەزراوەکانی دەوڵەت سڵ ناکەنەوە لە گرتنەبەری رێکاری یاسایی و بە تووندی رووبەڕووی هەر کەسێک دەبنەوە، کە زیان بە ئاسایشی نەتەوەیی بگەیێنێت، یان هەوڵی تێکدانی سەقامگیریی گشتیی وڵات بدات.
 
دوای ئەوەی بەرەبەیانی دوێنێ سێشەممە هێرش کرایە سەر ژمارەیەک بنکەی سەربازیی عێراق و زیان بە رادارەکانی بنکەی تاجی لە بەغدا و ئیمام عەلی لە زیقار گەیشت؛ عەباس عەرداوی، شرۆڤەکاری سیاسی و کەسی نزیک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق، لە هەژمارەی ئێکسی خۆیدا پۆستێکی کرد و گوتی، لە بنکەی تاجی شتێک نەماوە بەناوی راداری فەرەنسی، خزمەتی پێشکێش بە هێرشەکانی ئیسرائیل دەکرد، رەوانەی سکرابخانە کرا.
 
عەباس عەرداوی، لە هەڵبژاردنی رابردوودا بەربژێری بزووتنەوەی حقوقی باڵی سیاسیی کەتائیب حزبوڵڵای عێراقی بوو، بەڵام لە هەڵبژاردن دەرنەچوو.
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە کۆبوونەوەی دوێنێ سێشەممە 24ی حوزەیرانی 2025ی ئەنجوومەنی وەزیراندا باسی لە هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەو رۆژە کرد، کە کرانەسەر سەر ژمارەیەک بنکەی سەربازیی عێراق و گوتی، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ بنکە سەربازییەکانمان رووبەڕووی دەستدرێژییەکی ترسنۆکانە و ناڕەوا بوونەوە، لە رێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە، کە زیانی بە دوو سیستمی رادار لە بنکەکانی تاجی لە سنووری بەغدا و ئیمام عەلی لە پارێزگای زیقار گەیاند."
 
بە گوتەی سوودانی، "هێزە چەکدارەکان و سیستمی بەرگریی ئاسمانی بە خێرایی رووبەڕووی ئەو ‌هێرشانە بوونەوە، کە بنکەکانی دیکەیان کردە ئامانج و فڕۆکە دەستدرێژکارەکانیان خستنە خوارەوە."
 
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی کرد لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیری هەواڵگری و ورد بکرێت بۆ زانینی رەهەندەکانی ئەو هێرشە درۆنییە.
 
سەربازگەى تاجى دەکەوێتە سنوورى بەغدا و 27 کیلۆمەتر لە باکوورى ئەو شارەوە دوورە.
 
بەرەبەیانى سێشەممە 24ـی حوزەیرانى 2025 سەعد مەعن، سەرۆکى شانەى راگەیاندنى عێراق لە تۆمارێکى دەنگیدا گوتی: "درۆنێکى نەناسراو سیستمى چاودێریى سەربازگەى تاجى-ی بۆردوومان کردووە؛ درۆنێکى دیکە لەنزیک موەلیدەیەکى کارەبا کەوتووەتە خوارەوە؛ هەردوو هێرشەکەش زیانى گیانییان نەبووە."