کۆمیسیۆن بۆ رووداو: 26ی حوزەیران دەوام دەکەین و دوایین وادەیە بۆ وەرگرتنی لیستی بەربژێرەکان
رووداو دیجیتاڵ
وێڕای ئەوەی سبەی کراوەتە پشوو لە عێراق، بەڵام کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، دەوام دەکەن و دوایین وادەی وەرگرتنی لیستی بەربژێرەکانە.
بەبۆنەی سەری ساڵی کۆچییەوە، سبەی پێنجشەممە پشووی فەرمییە لە تەواوی عێراقدا.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وێڕای ئەوەی سبەی پێنجشەممە لە عێراق کراوەتە پشوو، بەڵام کۆمیسیۆن دەوام دەکات و پشووی نییە و لیستی بەربژێرەکان وەردەگرێت.
گوتەبێژی کۆمیسیۆن جەختی لەوە کردەوە، سبەی پێنجشەممە تاوەکو کۆتایی دەوامی فەرمی، دوایین وادەیە بۆ پێشکێشکردنی لیستی بەربژێرەکانی هاوپەیمانی و پارتەکان، کە بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەن، وادەکەش کۆتاییە و درێژ ناکرێتەوە.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت.
لە 25ی ئادارەوە پرۆسەی تۆمارکردن و نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەستیپێکرد و 20 ئەم مانگە کۆتاییهات. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی شەممە 2ـیی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوو ملیۆن و 155 و 160 هەزار کەس ناوی خۆیان تۆمار و نوێکردووەتەوە.
ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەش کرد، زیاتر لە 21 ملیۆن کەس کارتی بایۆمەتریان هەیە و دەتوانن بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بکەن. گوتیشی، ئەو ژمارەیە نزیکەی 70-75%ی ئەوانە پێکدەهێنێت کە مافی دەنگدانیان هەیە.
عیماد جەمیل گوتی، نزیکەی 7 ملیۆنی کەسی دیکەش بە هەر هۆکارێک بێت، ناویان تۆمارنەکردووە یان تۆماریان نوێ نەکردووەتەوە و بێ کارتی دەنگدانی بایۆمەتریش کەس ناتوانێت دەنگ بدات.
زۆرترین پارێزگا لەسەر ئاستى عێراق کە تۆمارى دەنگدەران تێیدا نوێ کراوەتەوە بەغدایە، کە 475 هەزار و 318 کەس بووە؛ نەینەوا لە ریزبەندى دووەم دێت بە 289 هەزار و 556 کەس.
لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان، زۆرترین نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان بووە، کە 153 هەزار و 32 کەسن؛ سلێمانى دووەمە و 115 هەزار و 454 تۆمارى دەنگدەرانیان نوێ کردووەتەوە؛ لە دهۆکیش 75 هەزار و 781 کەس تۆمارى دەنگدەرانیان نوێکردووەتەوە.