دژەتیرۆری عێراق: کوشتنی سەرکردە باڵاکەی داعش لە سووریا لەسەر بنەمای زانیاریی ئێمە بوو
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا کوشتنی "سەرکردەیەکی باڵای داعش" و دوو لە کوڕەکانی لە سووریا راگەیاند، دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری عێراق دەڵێ: "لەسەر بنەمای زانیاری ئێمە بووە ئەو فەرماندەیەی داعش کوژراوە".
ئەمڕۆ هەینی دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "لەسەر بنەمای زانیاری و هەوڵی ئەمنی و هەواڵگری دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئۆپەراسیۆنێکیان لە پارێزگای حەلەبی سووریا کرد و توانییان یەکێک لە مەترسیدارترین فەرماندەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و دوو هاوەڵی بکوژن."
بەگوێرەی دەزگاکە، "ئەو تیرۆریستە پۆستەکەی والی ویلایەتی فورات و ئەندامی لیژنەی راسپێردراو بووە."
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا – سێنتکۆم، ئەمڕۆ هەینی، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا رایگەیاند، "ئەم بەیانییە لە ناوچەی باب لە پارێزگای حەلەبی سووریا، هێزەکانی سێنتکۆم ئۆپەراسیۆنێکیان کرد و لە ئەنجامدا زیائـ زەوبەع موسڵح حەردانی، سەرکردەی باڵای داعش و دوو کوڕی پێگەیشتووی بە ناوەکانی عەبدوڵڵا و عەبدولڕەحمان کوژران."
بەگوێرەی سێنتکۆم، "ئەم ئەندامانەی داعش هەڕەشە بوون بۆسەر ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان؛ هەروەها بۆسەر حکومەتی نوێی سووریاش."
سێنتکۆم دەشڵێت، "سێ ژن و سێ منداڵی دیکەش لە شوێنی ئامانجەکە بوون و زیانیان پێ نەگەیشت."
رێکخراوی پەڕگیری داعش لە گەرمەی شەڕی سووریا سەریهەڵدا و لە ساڵی 2014 دوای کۆنترۆڵکردنی رووبەرێکی فراوانی عێراق و سووریا، خەلافەتی راگەیاند.
ساڵی 2017 لە عێراق و ساڵی 2019 لە سووریا بەزاندنی رێکخراوەکە راگەیێندرا. هەروەها لەو کاتەوە سەرکردایەتیی باڵای رێکخراوەکە گورزی کوشندەی بەرکەوتووە، بەڵام هێشتا شانە بەجێماوەکانی لە ناوچە دوورەدەستەکانی هەردوو وڵات ماون و ناوبەناو لەلایەن ئەمریکا و هێزە خۆجێییەکانەوە دەکرێنە ئامانج.