باڵیۆزى ئەمریکا لە عێراق: جووڵەى سەربازیى ئەمریکا پەیوەندى بە نێوخۆى عێراقەوە نییە
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزى ئەمریکا لە عێراق رەتیکردەوە جووڵەى ھێزە سەربازییەکانى وڵاتەکەى پەیوەندى بە نێوخۆى عێراقەوە هەبووبێت و دەڵێت: "ئەو جووڵانە لە چوارچێوەى جێگۆڕکێى هێزەکاندا بووە."
رۆژی 23ى ئابى 2023، فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆسکى، باڵیۆزى ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە.
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى وەزارەتى دەرەوەى عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا ئەلینا رۆمانۆسکى ئاماژەى بەوە داوە، ئەوەى لەبارەى جووڵاندنى هێزى سەربازى ئەمریکا لەنێو عێراق باس دەکرێت پەیوەندارە بە جێگۆڕکێى هێزەکانەوە و هیچ پەیوەندییەکى بە نێوخۆى عێراقەوە نییە.
لەو راگەیێندراوەدا هاتووە کە وەزیرى دەرەوەى عێراق و باڵیۆزی ئەمریکا پێشهاتەکانى پەیوەندار بە کەمپى هۆل-یان لە رۆژئاواى کوردستان تاوتوێکردووە و باسیشیان لەو بەربەستانە کردووە کە لەبەردەم گەڕاندنەوەى هەندێک لە خێزانەکانى کەمپەکە بۆ عێراق هەیە.
تاوتوێکردنى کۆبوونەوەکانى کۆمەڵگەى گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ناوەڕاستى مانگى ئەیلوولى داهاتوو، یەکێکى دیکە بووە لەو پرسانەى کە ئەو دوو بەرپرسە عێراقى و ئەمریکییە باسیان کردووە.