سەرۆکى پەرلەمانى عێراق: ئەمریکا پەیامى هەڕەشە و هۆشداری لەبارەى یاسای حەشدی شەعبی ناردووە
رووداو دیجیتاڵ
مەحموود مەشهەدانى، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق دەڵێت، ئەمریکا پەیامى هەڕەشە و هۆشداری لەبارەى یاسای دەستەى حەشدی شەعبی ئاراستەى سەرۆکایەتییەکان و سەرکردە سیاسییەکان کردووە.
مەحموود مەشهەدانى گوتى: "پێیان گوتووین ئێوە ئازادن لە دەرکردنى هەر یاسایەک، بەڵام هەندێک یاسا هەن ئەگەر پەسندبکرێن و پێچەوانەى یاسای وڵاتەکەیان بێت، لەسەر بنەماى ئەوە هەڵوێستێکى دیکەیان دەبێت و ئەگەر ئەو یاسایانە پەسەند بکەن کە ئێمە رەتی دەکەینەوە، ناتوانین هاوکارتان بین و سزاى سیاسی و ئەمنى و ئابورییمان هەیە".
16ـی تەممووزی 2025، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی کرا وەک هەنگاوى بەر لە دەنگدان بە پڕۆژە یاساکە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەخراوەتە خشتەى کارى پەرلەمان بۆ دەنگدان.
پێش تاوتوێکردنى پڕۆژەیاساى حەشدی شەعبی، پڕۆژەیاسایەکى دیکە بەناوى خزمەت و خانەنشینیى حەشدی شەعبی لە پەرلەمان تاوتوێکرا و کشێنرایەوە.
مەحموود مەشهەدانى لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، لە بنەڕەتدا ئامانجى یاسای خزمەت و خانەنشینیى حەشدی شەعبی بەئامانجگرتنى کەسێک بوو بۆ دوورخستنەوەى و لیژنەى ئاسایش و بەرگرى بۆچوونى وابوو کە ئەگەر ئەو یاسایە تێپەڕێندرێت نزیکەى سێ هەزار کەس لە حەشدی شەعبی لە خزمەت دووردەخرێنەوە و کێشەى ئەمنى بۆ عێراق دروست دەکات، بۆیە بڕیاردرا پڕۆژەیاساکە بکشێندرێتەوە بۆ حکومەت و ئەوانیش یاسایەکى دیکە بەناوى دەستەی حەشدی شەعبی بنێرن.