کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق: 62 هەزار ئاوارە لە هەرێمى کوردستان مافى دەنگدانیان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق کۆنووسی لیژنەى تۆمارى دەنگدەرانی ئاوارەکانی لە هەرێمى کوردستان پەسند کرد کە تێیدا 62 هەزار دەنگدەر تۆمارکراوە و 47 هەزاریان لەنێو کامپەکانن.
25ى ئەیلوولى 2023، جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەنجوومەنى کۆمیسیاران کۆنووسی لیژنەى تایبەتى ودبینى تۆمارى دەنگدەرانى ئاوارەکانى پەسند کرد کە لە هەرێمى کوردستانن و دەتوانن بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق دەنگ بدەن."
جومانە غەلاى گوتی، ژمارەى ئەو ئاوارانەى لە هەرێمى کوردستانن و دەتوانن بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان دەنگ بدەن 62 هەزار و 576 کەسە کە 47 هەزار و 417 دەنگدەریان لەنێو کەمپەکانن و 15 هەزار و 159 دەنگدەریش لەدەرەوەى کەمپەکانن.
جومانە غەلای گوتی، "دەنگدەرانى نێو کەمپەکان سندووقى تایبەتیان بۆ دادەنرێت، بەڵام ئەوانەى لە دەرەوەى کەمپەکان، دەبێت لە پارێزگاکانى خۆیان دەنگ بدەن."
هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە 18ى کانوونى یەکەمى 2023 دەکرێت، کە یەکەمجارە لەدواى 10 ساڵ ئەو هەڵبژاردنە بکرێت.
جومانە غەلاى گوتیشى، "ئاوارەکانى شنگال دەتوانن لەنێو کەمپەکان یان بنکەکانى دیکەى دەرەوەى کامپەکانیش بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان دەنگ بدەن."
38 هاوپەیمانێتى و 28 پارت بەشدارى لەو هەڵبژاردنەدا دەکەن؛ 70 بەربژێرى سەربەخۆ و 5925 بەربژێرى دیکە لەنێو لیستى هاوپەیمانێتى و پارتەکاندا خۆیان بەربژێر کردووە بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق.