بلۆگەرێكی عێراقی کە رەگەزی خۆی گۆڕیبوو لە بەغدا کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
بلۆگەرێکی عێراقی کە رەگەزی خۆی بۆ کچ گۆڕی بوو، لە گەڕەکێکی شاری بەغدا تەقەی لێکرا و کوژرا.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، رۆژی دووشەممە 25-09-2023 ماتۆڕسوارێکی چەکدار بە دەمانچە تەقەی لە بلۆگەر نور بی ئێم (BM) کردووە، بەهۆیەوە بلۆگەرەکە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە. رووداوەکە لە گەڕەکی داودی لە ناوچەی مەنسووری شاری بەغدا لە بەرامبەر باخچەی ساوایانی ئەندەلووس روویداوە.
دوای رووداوەکە هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنەی رووداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە، تەرمی بلۆگەرەکەیان گواستووەتەوە دادپزیشکی و بکوژەکەش هەڵاتووە.
رووداوەکە نزیکەی کاژێر 1:30 خولەکی دوای نیوەڕۆ روویداوە، لە کامێرای چاودێری دەرکەوتووە چەکدارێک کە خۆی وەک دلیڤەری دەنوێنێت، چەند جارێک دێت و دەڕوات چاودێری دەکات دواتر لە نوور دەچێتە پێشەوە و تەقەی لێ دەکات و دەیکوژێت، دواتر بە ماتۆڕەکەی هەڵدێت.