لە بەندەری ئوم قەسری بەسرە دەست بەسەر 22 کیلۆ مادەی هۆشبەردا گیرا

رووداو دیجیتاڵ

دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق  رایگەیاند، لە بەندەری ئوم قەسر دەست بەسەر 22 کلیۆ مادەی هۆشبەردا گیراوە.
 
رۆژی دووشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2023، عەلائەدین قەیسی، گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لە دەروازەی سنووری بەندەری ئوم قەسری نێوەڕاست لە پارێزگای بەسرە دەست بەسەر 22 کیس مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵدا گیراوە، کە هەر کیسێک یەک کلیۆ لەو مادەیەی تێدا بووە.
 
گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق گوتی، کیسەکان لەنێو ساردکەرەوە شاردرابوونەوە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتیی دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەسرە دەستی بەسەرداگیراوە؛ لێکۆڵینەوەکان دەستیانپێکردووە و دۆسیەکە لە دادگەی بەسرەیە.
 
عەلائەدین قەیسی، گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق هیچ زانیارییەکی لەسەر سەرچاوە و خاوەنی ئەو مادانە ئاشکرانەکرد. 
 
رۆژی 22-09-2023، بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مادەی هۆشبەر لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە نۆ مانگی ئەم ساڵدا3.5 تۆن مادەی هۆشبەر بە هەموو جۆرەکانییەوە دەستیان بەسەرداگیراوە و 12 هەزار کەس بە تۆمەتی بازرگانی و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون و دادگە سزای بەندکردنی بەسەر شەش هەزار کەسیاندا سەپاندووە.