بە ئامادەبوونی سوودانی، چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
چوارچێوەی هاوئاهەنگی رایگەیاند، عێراق پابەندە بە سەرجەم لێکتێگەیشتن و بڕیارە نێودەوڵەتییەکان کە پەیوەندییەکان رێکدەخەن.
رۆژی دووشەممە، 25-09-2023، چوارچێوەی هاوئاهەنگی (شیعەکان) لەسەر ئاستی سەرکردەکانی لە نووسینگەی عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی و بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد.
بەپێی راگەیێندراوێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پەرەسەندنە سیاسیی و ئەمنییەکان و پرۆژە خزمەتگوزارییە نیشتمانییەکان تاوتوێکراون.
هەروەها سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانەکەی بۆ نیویۆرک بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی خستووەتەڕوو.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی دووپاتیکردەوە کە عێراق پابەندە بە سەرجەم لێکتێگەیشتن و بڕیارە نێودەوڵەتییەکان کە پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی جیهان و ناوچەکە رێکدەخات لە ئاستە جیاوازەکانەوە.
هەروەها باس لە دوایین ئامادەکارییەکانی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کرا، چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوا لە هاووڵاتییان دەکات بە فراوانی بەشداری هەڵبژاردن بکەن بۆ تەواوکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی پارێزگانیان.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی هەینی، 22-09-2023، گوتاری عێراقی لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان پێشکێشکرد و رۆژی شەممەش گەڕایەوە عێراق.