گوتەبێژى مانگرتووانى سنوورى ئوردن: رێگە نادەین نەوت هەناردە بکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژى گۆڕەپانى مانگرتووانى پاڵپشتیى غەززە لە ئوردن رایگەیاند، هەناردەکردنی نەوتى عێراق-یان بۆ ئوردن راگرتووە تاوەکو ئەو کاتەى رێگەیان پێدەدرێت هاوکارییە مرۆییەکانیان لە رێگەى ئەو وڵاتەوە بگەیێندرێتە فەلەستین.
 
رۆژی 25ى تشرینى یەکەمى 2023 محەممەد سەحاف، گوتەبێژى گۆڕەپانى مانگرتووان بۆ پاڵپشتیى غەززە لەسەر سنوورى ئوردن بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند، "ئەمڕۆ چوارشەممە بڕیارمان داوە رێگرى بکەین لە هەناردەکردنى نەوتى عێراق لە رێگەى تەنکەرەوە لە دەروازەى ترێبێل-ەوە  بۆ ئوردن."
 
لیژنەى گۆڕەپانى مانگرتووان لە 19ى تشرینى یەکەمى 2023، لەلایەن بەشێک لە هێزە شیعەکانەوە پێکهێندرا و چوونە سەر سنوورى ئوردن و مانیان گرتووە، داوا دەکەن رێگە بدرێت بە خۆیان و هاوکارییەکانیان لە رێگەى ئوردنەوە بچنە شارى غەززە.
 
محەممەد سەحاف گوتى، "رێگرى لە هەناردەى نەوتى کەرکووک بۆ ئوردن بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەوکاتەى ئەو وڵاتە رێگەمان دەدات کۆمەکەکانمان لە رێگەى ئەو وڵاتەوە بگەیێنینە فەلەستین."
 
مانگانە زیاتر لە 400 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک لە رێگەى تەنکەرەوە هەناردەى ئوردن دەکرێت، کە بەگوێرەى رێککەوتنى نێوان بەغدا و عەممان بە نرخێکە کە 16 دۆلارى لە بازاڕەکانى جیهان کەمترە.
 
رۆژی 7ی تشرینى یەکەم بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی لە دژی ئیسرائیل دەستپێکرد؛ دواتر ئیسرائیل بە هێرشی مووشەکی بۆ سەر کەرتی غەززە و گەمارۆخستنە سەر کەرتەکە وەڵامی هێرشەکەی حەماسی دایەوە.